کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەرازی ئاوی گۆلی ورمێ بەردەوام دێتە خوارەوە

19:06 - 21 جۆزەردان 2720

بەپێی ڕاپۆرتە نوێیەکانی ڕێژیم، پانتایی و قووڵایی دەریاچەی ورمێ دیسان کەمتر بووەتەوە.

''فەرهاد سەرخۆش''، بەڕێوەبەری ستادی ژیانەوەی گۆلی ورمێ لە پارێزگای ورمێ وتوویەتی کە پانتایی گۆلی ورمێ لەم کاتەدا گەیشتووەتە ٣ هەزار و ٢٠١ کیلومیتر و ٥٠ میتری چوارگۆشە، لە حاڵێکدا کە ئەم ژمارەیە لە ماوەی وێکچووی ساڵی ڕابردوو، ٣ هەزار و ٢٤٦ کیلومیتر و ٩٤ میتری چوارگۆشە تۆمار کرابوو.

ناوبراو وتوویەتی کە تەرازی ئاوی گۆلی ورمێ بەنیسبەت ساڵی ڕابردوو لە هەزار و ٢٧١ میتر و ٩١ سانتیمیترەوە بۆ هەزار و ٢٧١ میتر و ٨٥ سانتیمیتر کەمی کردووە.

هەروەها، بەڕێوەبەری ستادی ژیانەوەی گۆلی ورمێ لە پارێزگای ورمێ وتوویەتی کە بارستایی ئاوی گۆلی ورمێ بەنیسبەت ساڵی ڕابردوو لە ٥ میلیارد ٢٩٠ میتری چوارگۆشەوە بۆ ٥ میلیارد و ٩٠ میتری چوارگۆشە دابەزیوە.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە ڕێکەوتی ٧ی جۆزەردان، هەواڵدەریی "تەسنیم" سەر بە سپای تێرۆریستی پاسداران بڵاوی کردبووەوە کە پانتایی گۆلی ورمێ ٢٣ کیلۆمیتر زیادی کردووە. هەروەها بەنیسبەت ساڵی ڕابردوو ٩٠ ملیۆن میتری سێ گۆشە ئاوەکەی زۆر بووە.

زیاتر لە ١٧ ساڵە کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، دروشم دەدەن کە هەموو هەوڵەکان بۆ ژیانەوەی دەریاچەی ورمێ دەخەنە گەڕ و تا ئێستا گەلێک پرۆژە پێشنیار کراوە کە هەندێکیان بە نیوەچڵی و ناسەرکەوتوویی ماوەتەوە و پرۆژەکانی دیکەش بە کردەیی نەکراون.