کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەرازی گۆلی ورمێ ٦٦ سانتیمیتر دابەزی

18:21 - 8 سەرماوەز 2721

"یاسر ڕەهدین" بەڕێوبەری گشتیی ئاوی ناوچەی پارێزگای ورمێ وتی: "پانتایی گۆلی ورمێ لە ئێستادا بە هەزار و ٧٧٧ کیلۆمیتری چوار گۆشە گەیشتووە کە لە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو پتر لە هەزار و ٦٣٨ کیلۆمیتری چوار گۆشە کەمی کردووە".

لەگەڵ ئەوەیکە دەریاچەی ورمێ نزیک بە ٢ میلیارد و ٤٥٠ ملیۆن میتری سێجا ئاوی هەیە، قەبارەی ئاوی ئەو گۆلە لە ماوەی وێکچووی ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ٤ میلیارد و ٥٨٠ ملیۆن میتری سێجا بووە و ئاوەکەی بۆ نیوە کەمی کردووە.

گەڵاڵەکانی ڕاگواستنی ئاو بۆ گۆلی ورمێ لە حاڵی جێبەجێکردنە و بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بە کەڵکوەرگرتنی ناستاندارد لەو ئاوە، گۆلی ورمێـ"ـیان وشک کرد، کەچی ئێستاش بە ڕاگواستنی ئاو لە شوێنەکانی دیکەی کوردستان بۆ ئەو گۆلە هەمان کارەسات لە ئەو شوێنانە دەخولقێنن.

لە ئێستادا بێ ئاوی و وشکبوونی ئاوی ڕووبار و گۆلەکان لە کوردستان و ئێران بووەتە قەیرانێک و خەڵک بەو هۆیەوە ناڕەزایەتی دەردەبڕن.