کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەرازی گۆلی ورمێ ٥٧ سانتیمیتر دابەزی

13:48 - 28 بانەمەڕ 2722

بەهۆی بێکیفایەتی، سیاسەتی هەڵە و سیستماتیکی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە ڕاگواستن و کەڵکوەرگرتنی ئاوی گۆلی ورمێ، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ئاوی ئەو گۆلە کەمتر دەبێتەوە و بەرەو وشکایی دەچێت.

"مەجید دەستگایی" بەڕێوەبەری گشتیی شیرکەتی ئاوی ڕێژیم لە پارێزگای ورمێ وتوویەتی، ئەو گۆلە لە ئێستادا سێ میلیارد و ١٨٠ ملیۆن میتری سێجا ئاوی هەیە، قەبارەی ئاوی ئەو گۆلە لە ماوەی وێکچووی ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە پێنج میلیارد و ٥٠ ملیۆن میتری سێجا بووە. بەم شێوەیە ٥٧ سانتیمیتر کەمی کردووە.

بەدوای کەمبوونەوەی ئاوی ورمێ پانتایی گۆلیش کەمی کردووە بە جۆرێک کە پانتایی ئەو گۆلە ساڵی ڕابردوو ٣٥٧٥ کیلۆمیتری چوار گۆشە بووە و لە ئێستادا بۆ ٢٥٠٢ کیلۆمیتری چوار گۆشە کەم بووەتەوە.

هەروەها بارستایی ئاوی بەنداوەکانی پارێزگای ورمێ بەنیسبەت وێکچووی ساڵی ڕابردوو ٦ لەسەد کەمیان کردووە.

وشکبوونی گۆلی ورمێ سەرەڕای ئەوەیکە لە ئێستادا کێشەیەکی زۆری بۆ خەڵک دروست کردووە، لە داهاتووشدا دەتوانێت خەسارێکی زۆری ژینگەیی لێ بکەوێتەوە.