کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەرمی دوکتور "جەلال حاجی ‌زادە" لەژێر گوشاری ئیتلاعاتی ڕێژیم، بە خاک ئەسپێردرا

11:51 - 27 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: تەرمی گەورە بیرمەندی کورد، دوکتور "جەلال حاجی ‌زادە"، لەژێر چاوەدێری و گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئێراندا، بە خاکی پیرۆزی نیشتمان ئەسپێردرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە دوای ئەوەیکە تەرمی دوکتور "جەلال حاجی ‌زاده" لەلایەن خەڵکی پیرانشار و سەردەشتەوە لەگەڵ پێشوازیی گەرم بەرەڕوو بووەوە، ڕێژیمی ئێران ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنەکەی خسته ژێر چاودێرییەوە.

مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە لیباسی شەخسییەوە، بەشدارانی ئەو ڕێوڕەسمەیان خستبووە ژێر چاودێرییەوە.

ڕۆژی ڕابردوو، ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی دوکتور "جەلال حاجی زادە"، کاتژمێر ١٠ی بەیانی لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی سەردەشت و شارەکانی دیکەی کوردستان بەڕێوە چوو.

دوکتور "جەلال حاجی زادە"، ڕۆژی یەکشەممە، ٢٣ی بەفرانبار، بەهۆی جەڵتەی دڵەوە گیانی لەدەست دا.

ناوبراو خاوەنی بڕوانامەی دوکتورای فەلسەفەی سیاسی بووە، جیا لەوەی کە لەم بوارەدا خاوەن ڕا و ئیدەی تایبەت بوو، هاوکات یەکێک لەو قەڵەم بەدەست و کەسایەتییانە بوو کە کەڵکەڵەیەکی دیاری کوردناسی و شیکاری و خەسارناسیی ئەندێشەی سیاسەتی کوردی هەبوو.