کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەرمی دوکتور "جەلال حاجی زادە" پێشوازیی لێکرا

11:00 - 26 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: تەرمی دوکتور "جەلال حاجی زادە" کە ڕۆژی یەکشەممە، ٢٣ی بەفرانبار بەهۆی جەڵتەی دڵەوە گیانی لەدەست دا، لەلایەن خەڵکی شارەکانی پیرانشار و سەردەشتەوە پێشوازیی لێکرا.

دوکتور "جەلال حاجی زادە" ناسراو بە "ڕامان"، نووسەر و چالاکی مەدەنیی ناسراوی کورد، لە ساڵی ١٣٥٤ لە گوندی "بێتووشـ"ـی سەر بە سەردەشت لەدایک بووە.

ناوبراو خاوەنی بڕوانامەی دوکتورای فەلسەفەی سیاسی بووە، جیا لەوەی کە لەم بوارەدا خاوەن ڕا و ئیدەی تایبەت بوو، هاوکات یەکێک لەو قەڵەم بەدەست و کەسایەتییانە بوو کە کەڵکەڵەیەکی دیاری کوردناسی و شیکاری و خەسارناسیی ئەندێشەی سیاسەتی کوردی هەبوو.

تەرمی دوکتور "جەلال حاجی زادە"، بۆ پشکنینی پزیشکی نێردرایە ورمێ و پاش گەڕاندنەوەی بۆ زێدەکەی، لە ڕۆژی ٢٥ی بەفرانباردا، لەلایەن خەڵکی پیرانشارەوە پێشوازییەکی گەرم لە تەرمەکەی کرا.

ڕۆژی ڕابردوو لە سەردەشت و لە شوێنی لەدایکبوونیدا، خەڵک بە پەرۆشەوە هاتنە سەر شەقامەکان و پێشوازییەکی بێوێنەیان لە تەرمی ئەم گەورە بیرمەندەی کورد کرد.

ڕێوڕەسمی بەڕێکردنی تەرمی ئەم بیرمەندە کوردە ڕۆژی پێنجشەممە، کاتژمێر ١٠ی بەیانی لە مزگەوتی سوور یان مزگەوتی جامیعەی سەردەشت بەرەو مەزاری گردەسوور بەڕێوە دەچێت.