کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەرمی شەهیدی ڕێی نان بە بەشداریی هەزاران کەس بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا

10:20 - 30 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: تەرمی ڕەقهەڵاتووی کۆڵبەری ونبوو، "فەرهاد خوسرەوی" دۆزرایەوە و بە بەشداریی هەزاران کەس لە خەڵکی مەریوان و گوند و شارەکانی دەوروبەر، لە تەنیشت گۆڕی برا شەهیدەکەی، بە خاک ئەسپێردرا.

دوای چند ڕۆژ لە ونبوونی کۆڵبەرێکی تەمەن ١٤ ساڵەی خەڵکی گوندی نێی مەریوان بە ناوی "فەرهاد خوسرەوی"، تەرمەکەی بە ڕەقهەڵاتوویی لەلایەن خەڵکی کوردستانەوە لە ملەی "تەتە"ی هەورامان دۆزرایەوە.

"فەرهاد" و "ئازاد" برای، شەوی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٥ی سەرماوەز، لە کاتی کۆڵبەریدا و لە ملەی "تەتە"ی هەورامان، بەهۆی سەرما و سۆڵەوە لەیەک دابڕان کە ڕۆژی دوایی تەرمی "ئازاد" دۆزرایەوە.

پاش ٤ ڕۆژ گەڕانی بەردەوامی هەزاران کەس لە خەڵکی مەریوان و گوند و شارەکانی دەوروبەر بە دوای "فەرهاد"، ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٩ی سەرماوەز، تەرمی ڕەقهەڵاتووی ناوبراویش دۆزرایەوە.

لە هەمان ڕۆژدا، تەرمی "فەرهاد"ی شەهیدی ڕێی نانیش، بە بەشداریی هەزاران کەس، لە شارەدێی "نێ"، لە تەنیشت گۆڕی "ئازاد"، بە خاک ئەسپێردرا.

لە ڕێوڕەسمی بەخاک ئەسپاردنی ئەم کۆڵبەرە مێرمنداڵەدا، خەڵکی تووڕەی مەریوان و کوردستان چەندین دروشمیان دژی ڕێژیمی ئیسلامی و سپای تێرۆریستی پاسداران وتەوە و داگیرکەریان بە هۆکاری سەرەکیی گیانلەدەستدانی کۆڵبەران لە سنوورەکانی کوردستان زانی.