تەرمی "مریەم خانی قازی" کچی "پێشەوا قازی محەممەد"، سەرکۆماری کۆماری کوردستان، لە گۆڕستانی کەلاری کۆن بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.
ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی خاکەلێوە، لە "گۆڕستانی كەلاری كۆن" لە "كەلار"ی ناوەندی، بەشی گەرمیان، ڕێوڕەسمی بە خاکسپاردنی تەرمی "مریەم خان" دوایین کچی "پێشەوا قازی محەممەد" بەڕێوە چوو.
تەرمی خوالێخۆشبوو لە تەنیشت تەرمی هاوسەرەکەی لە گۆڕستانی کەلاری کۆن بە خاک ئەسپێردراوە.
هەروەها کەسوکاری ناوبراو وتوویانە، لەبەر دۆخی ئێستای كوردستان و بەهۆی مەترسییەكانی پەتای كۆرۆناوە، پرسە دانانرێت و دوای ئاساییبوونەوەی دۆخی كوردستان، ڕێوڕەسمی پرسە و سەرەخۆشی بەڕێوە دەچێت.
ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی ڕەشەمە، "مریەم خان" کە کچی "پێشەوا قازی محەممەد"، سەرکۆماری کۆماری کوردستان و مینا خانم" و هاوژینی "سەردار جاف" و دایکی "سیروان، سەیران و سۆما جاف"، هەروەها خوشکی "عەلی، مونیر، فەوزییە, عیفەت و سوهەیلا قازی" بوو، دوای ماوەیەک نەخۆشی لە "عەمان" کۆچی دوایی کرد.