کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەرمی ژنێک لە بەنداوی مەهاباد دۆزرایەوە

11:48 - 7 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: لە بەنداوی شاری مەهاباد تەرمی ژنێک دۆزراوەتەوە کە هۆکاری مردنی نادیارە و گومان لەسەر شێوازی مردنی هەیە.

بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی دووشەممە ٦ی جۆزەردان، تەرمی ژنێک لە قەراخ بەنداوی مەهاباد دۆزراوەتەوە، کە دیار نییە بە چ هۆکارێک و بۆچی گیانی لە دەست داوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەو بارەوە بڵاو نەکراوەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە باس لەوە دەکات، چەند شایەتحاڵێک ،کە تەرمی ژنەکەیان دۆزیوەتەوە، پێوەندییان بە ئیدارەی ئاگاهی و هێزە ئەمنییەتییەکانەوە گرتووە و تەرمی ئەو ژنەیان بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر بۆ پزیشکی یاسایی لەو شارەدا بەڕێ کردووە.

هەروەها هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە بارەی شوناسی ئەو کەسەوە وتی: کە گوایە ئەو ژنە خەڵکی "موبارەکەی ئیسفەهانە" و باس لەوە کراوە کە بە هۆی نەخۆشیی دەروونییەوە خۆی کوشتووە.

ڕۆژانە خەڵکی ئێران و بەتایبەت کوردستان بەهۆی کێشەگەلێکی جیاوازەوە دەست دەدەنە خۆکوژی و لە هەندێ کاتیشدا مردنەکان لە حاڵەتی گوماناویدا جێ دەگرێت و ئەمە دەرخەری داڕمانی ئاستی هیوا بە ژیان لە دۆخی ئێستا و وەزاڵەهاتنی خەڵک بەدەست سیاسەتەکانی ڕێژیمە.