کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەرمی کاک "خەبات ئەحمەدی" بە ئاڵای کوردستانەوە بە خاک ئەسپێردرا

16:50 - 23 رێبەندان 2719

تەرمی کاک "خەبات ئەحمەدی"، ئەندامی دڵسۆزی حیزبی دێموکرات و ئەندامی چالاکی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان لە شارەدێی "نێ" بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

لە ڕێوڕەسمی ناشتنی کاک "خەباتـ"ـدا خەڵکێکی زۆر بەشدارییان کردبوو و لەگەڵ ڕێبازی ناوبراودا پەیمانیان نوێ کردەوە.

لەو ڕێوڕەسمەدا بەشێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوانیش بەشدار بوون.

هەر بەم بۆنەوە ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان پرسە و هاوخەمیی خۆیان ئاراستەی بنەماڵەی کۆچکردوو و خەڵکی نێ کرد.

ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، ڕێكەوتی ٢١ی ڕێبەندانی ١٣٩٨ی هەتاوی، کاک "خەبات ئەحمەدی" کوڕی شەهید "مەنسوور ئەحمەدی"، تەمەن ٣٩ ساڵ و خەڵکی شارەدێی "نێـ"ـی مەریوان و ئەندامی حیزبی دێموکرات و ئەندامی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان، بەهۆی نەخۆشی لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی تاران ماڵاوایی لە ژیان کرد.

ئەمڕۆ چوارشەممە، دوای گەڕاندنەوەی تەرمی کاک خەبات بۆ شارەدێی نێ، تەرمی ئەو لاوە نیشتمانپەروەرە بە خاک ئەسپێردرا.