کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەرمی ٧ کوژراوی سپای تێرۆریستی پاسداران لە سووریەوە گەڕێندرایەوە بۆ ئێران

18:17 - 20 رەزبەر 2720

هەواڵدەرییەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران بڵاویان کردووەتەوە، تەرمی حەوت ئەندامی ئەو ڕێکخراوەیە کە بە "پارێزەرانی حەرەم" ناویان لێ براوە لە سنووری "خان توومانـ"ـی سووریەوە گەڕێندراونەتەوە بۆ ئێران.

ئەو هەواڵدەرییانە باسیان لەوە کردووە، گرووپی گەڕان بە شوێن ئەندامە کوژراوەکانی ئەو ڕێکخراوەیه لە سووریە، لە ڕێگەی "دی ئێن ئێنـ"ـەوە تەرمی حەوت ئەندامیان کە لە بەرەی پارێزگاری لە حەرەمەکاندا له سووریە کوژراون، دۆزیوەتەوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا دەنگوڕەنگی ڕێژیمی ئێران شوناسی چەند کەس لەو کوژراوانەی بەو چەشنە بڵاو کردووەتەوە: "ڕەزا حاجیزادە، عەلی عابدەینی، محەممەد بڵباسی و حەسەن ڕەجایی فەڕ خەڵکی مازەندەران، زەکەریا شیری خەڵکی قەزوێن، مەجید سەلمانیان لە پارێزگای ئەلبۆرز و مەهدی نەزەری خەڵکی پارێزگای خووزستان".

دەنگوڕەنگی ڕێژیمی ئێران بەپێچەوانەی بڵاوکراوەکەی سپا ئەوانی وەک کوژراوانی شەڕی سووریە کە لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژراون، ناساندووە.