کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەرمی کچێک لە جاددەی چالووس دۆزرایەوە

12:28 - 21 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: تەرمی سووتاو و  لەتلەتکراوی کچێک لە جاددەی چالووس دۆزرایەوە و بۆ تێپەڕکردنی ڕەوتی دادوەری ڕادەستی ناوەندە دادوەرییەکانی ڕێژیم کرا.

کاتژمێر ٥ی ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، ٢٠ی جۆزەردان، تەرمی سووتاو و لەتلەتکراوی کچێک لە دەوروبەری گوندی "دەردە"، لە ئاسارا لە بەشی کەرەج، کە سەر بە پارێزگای ئەلبورزە، لە لایەن بنەماڵەیەکەوە دۆزرایەوە.

ئاسرایی، بەرپرسی وێستگەی ئاگرکوژێنەوەی بەشی ئاسارا لەم بارەوە ڕایگەیاندووە: ئەم تەرمە سووتاو و لەتلەتکراوە هی کچێکە کە دۆخی تەرمەکە زۆر نالەبار و دڵهەژێنە.

ناوبراو باسی لەوە کردووە، کە تەرمەکە بۆ ناسینەوە و تێپەڕکردنی پرۆسەی دادوەری ڕەوانەی پزیشکی یاسایی کراوە.

 هێشتا لەمەڕ شوناسی ئەو کچە و هەروەها هۆکاری کوژران و لەتکرانی تەرمەکەی هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.

کۆمەڵگای ئێران، کۆمەڵگایەکی ئاخێنراو لە کێشەکانە و لەم نێوانەدا ژنان زیاتر لە هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا و بە هۆی نەبوونی پاڵپشتی یاسایی و هەروەها گرینگی پێنەدانیان زیاتر تووشی کێشە دەبن و زۆر جاریش دەبنە قوربانی بیری تەسک و بیرۆکەی پیاوسالاریی کۆمەڵگا.