کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەقینەوە لە کارخانەیەکی کەهریزەک ٢ کوژراو و ٣ برینداری لێکەوتەوە

12:43 - 17 پووشپەڕ 2720

لە درێژەی تەقینەوەی وزەخانە و کارخانەکانی ئێران، ئەمجارە تەقینەوەیەک لە "باقرشار"ی "کەهریزەک" لە باشووری تاران ڕوویدا کە خەساری گیانیی بەدواوە بوو.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ١٧ی پووشپەڕ، تەقینەوەیەک لە کارخانەی "سپاهان بۆڕێش" لە شاری "باقرشار" سەر بە "کەهریزەک" لە تاران ڕوویدا کە بەوهۆیەوە ٢ کەس گیانیان لەدەست دا و ٣ کەسی دیکەش بریندار بوون و کارخانەی "سایپا پرێسـ"ـیش بەوهۆیەوە زیانی بەرکەوت.

"ئەمین بابایی" بەخشداری "کەهریزەک"، بەیانیی ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاندووە کە کەمتەرخەمی لە پڕکردنەوەی کەپسوولەکانی ئۆکسیژێندا هۆکاری ئەو تەقینەوەیە بووە.

ناوبراو هەروەها وتوویەتی کە خودی کارخانەکە زیانێکی بەرچاوی بەرکەوتووە و بووەتە هۆی داڕمانی دیوارەکانی کارخانەی "سایپا پرێسـ"ـیش.

لە ماوەی ڕابردوودا تەقینەوەگەلێکی یەک لە دوای یەک لە کارخانە و وزەخانەکانی ئێران هاتووەتە ئاراوە کە زۆر کەس ئەو تەقینەوانەیان گرێ داوە بە ئیسرائیلەوە.

لە بەرانبەردا ئیسرائیل تا ئێستا هیچکام لەو تەقینەوانەی لە ئەستۆ نەگرتووە.

لە زیانبارترین تەقینەوەکانی ئەم دواییانە دەتوانین ئاماژە بە تەقینەوەی وزەخانەی پیتاندنی ئورانیۆمی نەتەنز بکەین کە بوو بەهۆی لەنێوچوونی ٨٠ لەسەدی پاشکۆی گازی "یوو ئێف ٦"ی پێویست بۆ پیتاندنی ئورانیۆم کە بۆ جێگیرکردنەوەی ئەو ٨٠ لەسەد گازە ٢ مانگ کات پێویستە.