کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەقینەوەکان لە ئێران بەردەوامە

12:37 - 22 پووشپەڕ 2720

زیاتر لە دوو حەوتوویە زنجیرە تەقینەوەیەک لە شارەکانی ئێران، لە وزەخانە، کارخانە و شوێنە گشتییەکاندا دێتە ئاراوە کە زۆربەی جار زیانی گەورەشی بەدواوە دەبێت.

لە درێژەی تەقینەوەکان لە ئێران، پاش نیوەڕۆی ڕۆژی شەممە ٢١ی پووشپەڕ، تەقینەوەیەکی دیکە لە تاران ڕوویدا.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لەوبارەوە ڕایانگەیاندووە کە ئەو تەقینەوەیە لە ژێرزەوینی ماڵێکی کۆنی ٢ نهۆمیدا ڕووی داوە.

ئەوان هۆکاری ئەو ڕووداوەیان گەڕاندووەتەوە بۆ تەقینەوەی سیلەندری ١١ کیلۆیی گاز و کەپسوولگەلی گازی پکنیک.

ڕێژیمی ئێران بۆ پەردەپۆشکردن و شاردنەوەی ڕاستییەکانی ئەو ڕووداوە قووڵایی زیانەکان نیشان نادات و هەرجارە هۆکار دەگەڕێنێتەوە بۆ ڕووداوگەلێکی پێشهاتە.

وەکوو وێنا تەقینەوەی وزەخانەی ناوکیی "نەتەنز" کە ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندبوو کە زیانێکی وامان بەرنەکەوتووە، لە حاڵێکدا کە ئەو تەقینەوەیە بوو بەهۆی زیانباربوونی بنکە ناوکییەکانی ئێران و وەدواکەوتنی چالاکییەکانی لەو بوارەدا.

لەو پەیوەندییەدا هەندێک لە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سەرچاوەی ئەو هێرشانەیان گەڕاندووەتەوە بۆ هێرشی سایبێری و مووشەکیی ئیسرائیل، بەڵام لە بەرانبەردا ئیسرائیل هیچکام لەو تەقینەوانەی وەئەستۆ نەگرتووە.