کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەقینەوەکانی بەیرووت و بەغدا، ئاگری شەڕی سوننە و شیعەی بڵێسەدارتر کرد

15:56 - 23 خەزەڵوەر 2715

کوردستان میدیا: ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش بەرپرسایەتی هێرشی خۆکوژی بۆ سەر ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی تەرمی شەڕکەرێکی شێعەی لایەنگری حکوومەتی بەغدای بە ئەستۆ گرت کە ئەو هێرشە، لانیکەم کوژرانی ٢١ کەس و برینداربوونی ٤١ کەسی دیکەی لێ کەوتەوە.

بەپێی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، ڕێکخراوی داعش بە بڵاو کردنەوەی بەیاننامەیەک لەسەر تۆڕی ئینتێرنێت، ئامانجی هێرشی ڕۆژی هەینی ٢٢ی خەزەڵوەری ڕافزییەکان ڕاگەیاندووە. ئەمە چەمکێکە کە داعش بۆ ئەو گرووپە چەکدارە شێعانەی بەکاری دێنێت کە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی عێراق دژی ئەو ڕێکخراوە شەڕیان کردووە.

ئەم کردوە خۆکوژییە هاوکات بوو لەگەڵ هێرشی هێزەکانی عێراق بە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی شاری ڕۆمادیی ناوەندی پارێزگای ئەنبار، کە لە ئێستادا لە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی داعشدایە.

ئەرتەشی عێراق ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە هێزەکانیان لە سێ قۆڵەوە هێرشیان بۆ سەر ڕۆمادی دەست پێکردووە.

لە ڕاپۆرتێکی دیکەدا، سەرچاوە هەواڵدەرییەکانی لوبنان، باسیان لە کوژرانی ئەبوو مورتەزا یەکێک لە بەرپرسانی پایەبەرزی ئەمنیەتیی حیزبۆڵڵای لوبنان لە تەقینەوەکانی زاحییە کردووە.

حوسێن یاغی ناسراو بە ئەبوو مورتەزا یەکێک لە بەرپرسانی ئەمنیەتیی گرووپی تیرۆریستیی حیزبۆڵڵای لوبنان لە تەقینەوەکانی پێنج‌شەممە شەوی ناوچەی برج البراجنە لە زاحییە کە لە باشووری بەیرووت هەڵکەوتووە، کوژراوە.
ئەو دوو تەقینەوە هەتا ئێستا ٤١ کوژراو و نزیکەی ٢٠٠ برینداری لێکەوتووەتەوە.

هێندێک لە سەرچاوەکانی هەواڵ ڕایانگەیاندووە کە ئەم تەقینەوەیە لە نزیک ناوەندێکی ئەمنیەتیی حیزبۆڵڵای لوبنان ڕوویداوە.

حیزبۆڵڵای لوبنان بە پشتگیری هەمە لایەنەی سوپای پاسداران، ڕۆڵێکی گرینگی لە شەڕی نێوخۆیی سووریە و پشتگیری لە سەرکوتەکانی ڕێژیمی بەشار ئەسەد گێڕاوە. ئەمە لە حاڵێکدایە کە زۆربەی سوننە مەزهەبەکانی لوبنان پشتگیری لە دژبەرانی بەشار ئەسەد دەکەن.