کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەقینەوەکەی بەیرووت هەتا ئێستا زیاتر لە سەد کوژراو و هەزاران برینداری بە دواوە بووە

17:27 - 15 گەلاوێژ 2720

تەقینەوەی بەهێزی ڕۆژی سێشەممە ١٤ی گەلاوێژ لە شاری بەیرووتی پێتەختی وڵاتی لوبنان، هەتا ئێستا زیاتر لە  ١٠٠ کوژراو و هەزاران برینداری لێ کەوتووەتەوە.

ڕێکخراوی "خاچی سوور"ی لوبنان ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی گەلاوێژ ڕایگەیاند: "ئەم تەقینەوەیە هەتا ئێستا لانیکەم ١٠٠ کوژراوی هەبووە".

خاچی سووری لوبنان ڕایگەیاندووە: "هێشتا ژمارەیەکی زۆر لە قوربانییان بێسەروشوێنن و لەژێر داروپەردوودا ماونەتەوە".

بەهۆی ئەم تەقینەوەیە نزیکەی ٥ هەزار کەس بریندار بوونە. ئەم تەقینەوەیە بە ڕادەیەک بەهێز بووە کە ژمارەیەکی زۆر لەو بینایانەی کە لە نزیک شوێنی تەقینەوەکە بوون، بەتەواوی وێران بووە.

شورای باڵای بەرگریی لوبنان، دوابەدوای ئەو تەوقینەوەیە، شاری بەیرووتی بە شاری کارەساتلێدراو ناو لێ برد.

بە وتەی بەرپرسانی لوبنانی ٢ هەزار و ٧٥٠ تۆن ''نیترات ئامونیۆم'' کە لە ماوەی ٦ ساڵی ڕابردوو لە کەناراوی بەیرووت زەوت کرابوو، بووەتە هۆی ئەوەیکە ئەم تەقینەوە بەهێزە ڕوو بدات.

لەو پەیوەندییەدا ''دانڵد ترامپ'' بە پشتبەستن بە ڕای کارناسانی نیزامیی ئامریکا وتوویەتی، تەقینەوەکە لەوانەیە هێرش بووبێت و جۆرە بۆمبێک تێیدا بەکار هاتبێت.

هەروەها بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئەم تەقینەوە لە نزیک نووسینگەی ڕۆژنامەی ''دەیلی ستار'' ڕووی داوە و لە بەرەبەری دەرکردنی حوکمی دادگای تێرۆری ''ڕەفیق حەریری''، سەرۆکوەزیرانی پێشووی لوبناندا بووە.