کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەقینەوەی تانکرێکی بنزین لە جادەی مەریوان- سنە خەسارێکی زۆری ژینگەیی بەدواوە بوو

15:51 - 24 خەزەڵوەر 2720

تەقینەوەی تانکر و ڕووداوەکانی هاتوچۆ لە جادەی نێوان مەریوان و سنە جارێکی تر ڕووداوێکی دڵتەزێنی لێکەوتەوە کە بووە هۆی خەسارێکی ژینگەیی بەرچاو لەو ناوچەیەدا.

لەم ڕۆژانەدا جارێکی تر تەقینەوەی تانکرێکی هەڵگری سووتەمەنیی بنزین لە جادەی نێوان سنە بۆ مەریوان لە ئاکامی پێکدادانی دوو ماشینی پێژۆ ٤٠٥ و ڕانا لەگەڵ ئەو تانکرە، شۆفێری تانکرەکە کوژرا و موسافیرەکانی ئەو دوو ماشینەکەش بریندار بوون.

تەقینەوەی ئەو تانکرە خەسارێکی بەرچاوی ژینگەیی بەدواوە بووە و بە ماوەی ١ کاتژمێر ئەو ڕێگایەش داخراوە.

"یووسف باشی" فەرمانداری ڕێژیم لە سەوڵاوا ڕایگەیاندووە، ئەو تانکرە کە ئێوارەی ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٣ی خەزەڵوەر لە کیلۆمەتری ١٥ی ملەی "نیاوا" تووشی ڕووداوی هاتوچۆ بووە و تانکرەکە تەقیوەتەوە کە هۆکاری سەرەکیی ئەو ڕووداوە لەژێر لێکۆڵینەوەدایە.

چەندین ساڵە خەڵکی مەریوان بەهۆی خراپیی ئەو ڕێگایەوە ناڕەزایەتییان دەربڕیوە، بەڵام هەتاکوو ئێستاش ڕێژیم هیچ هەوڵێکی بۆ چارەسەریی دۆخی ئەو ڕێگایە نەداوە و ئەو جادەیە بووەتە قەتڵگای موسافیران.