کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەقینەوەیەک لە هەولێر زیاتر لە ٣٠ کوژراو و برینداری لێکەوتەوە

21:03 - 28 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: بە هۆی تەقینەوەی ئۆتۆمبیلێکی بۆمبڕێژکراو لە بەردەم بینای پارێزگاری هەولێر، پێتەختی هەرێمی کوردستان، لانیکەم ٤ هاووڵاتی کوژران و ٢٩ی کەسی دیکەش بریندار بوون.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆ بە کاتی هەولێر لە رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٨ی خەزەڵوەری ١٣٩٣ی هەتاوی، بە هۆی تەقینەوەی ئۆتۆمبیلێکی بۆمبڕێژکراو لە بەردەم بینای پارێزگای هەولێر، پێتەختی هەرێمی کوردستانی عێراق، لانیکەم ٣٠ کەس بوونە قوربانی.

وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، لەو رووداوە ٤ هاووڵاتیی کوژراون و ٢٩ کەسی دیکەش بریندار بوون کە گیانی دوو کەسیان لە مەترسیدایە.

دەوترێت ماشینێکی جۆری هوندا کە ویستوویەتی بچێتە ناو بینای ئیدارەی پارێزگای هەولێر، لەگەڵ رێگریی پاسەوانەکان بەرەوڕوو دەبێتەوە و پاش چەند ساتێک دەتەقێتەوە.

هەروەها دەوترێت کە لانیکەم ١٥ ماشینی دیکە کە لە دەورووبەری ئەم رووداوە بوون، خەساریان بەرکەوتووە و جیا لەوەیش بە بیناکانی دەورووبەریش زیانی ماددی گەییشتووە.

گرووپی تێرۆریستی داعش وێنەی تەقینەوەی هەولێری بڵاوکردووەتەوە بەڵام تا ئێستا بە شێوەی فەرمی ئەو تەقیینەوەیەی وە ئەستۆ نەگرتووە.

هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لە بارەی وردەکاریی ئەم تەقینەوەیە بڵاو نەکراوەتەوە، بەڵام سەرۆکایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوای گرتنی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی لە شاندی وەزیران کرد.

هەر لەم پێوەندییەدا، مانگی رەزبەری ساڵێ رابردوویش، لە شەقامی شەست میتری هەولێر لە نزیکی ئیدارەی پۆلیسی ئەو شارە و ئیدارەی گشتی پۆلیسی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ٢ تەقینەوە روویدا کە لە ئاکامدا ٦ کەس کوژران و ٣٦ کەسیش بریندار بوون.