کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەقینەوەیەک لە پایەگایەکی ڕێژیمی ئێران ڕووی دا

12:24 - 27 رێبەندان 2719

تەقینەوەیەک لە پایەگای پێنجەمی شکاریی شاری "ئومیدییە" سەر به شاری ئەهواز ڕووی دا کە بوو بە هۆی نیگەرانیی دانیشتووانی ئەو شارە و دانیشتووانی نزیک ئەو پایەگایە.

هەواڵدەرییەکانی  ڕێژیمی ئێران پاش نیوەڕۆی ڕۆژی شەممە، ٢٦ی ڕێبەندان، هەواڵی تەقینەوەیەکی گەورە لە "پایەگای پێنجەمی شکاریـ"ـی شاری "ئومیدییە" لە ئەهوازییان بڵاو کردەوە کە بنکەی پەدافەندی ڕێژیمیش لە هەمان شوێندایە.

شایەتحاڵان باسیان لەوە کردووە کە دەنگی تەقینەوە لەو شوێنەدا بە ئاستێک بەرز بووە کە ماڵەکانی دەوروبەری ئەو پایەگایەش، هەستییان پێ کردووە و تەنانەت بە بوومەلەرزەیان شوبهاندووە.

فەرماندەی پشتیوانیی ناوچەی پەدافەندی هەوایی باشووری ڕۆژئاوای ڕێژیمی ئێران وتوویەتی: "بیستنی دەنگی تەقینەوە لە ناوچەی ئومیدییە و شارەکانی دەورووبەر بەهۆی تەقینەوەی تەقەمەنییە کۆنەکان بووە کە ڕێکەوتیان بەسەرچووە و جێی نیگەرانی نییە".

شایەتحاڵان هەروەها وتوویانە کە کەمێک پاش بیستنی دەنگی تەقینەوەکە، چەندین ماشینی فریاکەوتن بەرەو پایەگاکە ڕۆیشتوون.

١١ی بەفرانباری ساڵی ڕابردووش تەقینەوەیەک لە هەمان پایەگا ڕووی دا کە هۆکارەکەیان گەڕاندەوە بۆ شکانی دیوارەی سەوتی.