کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەقینەوەیەکی بەهێز لە عەفرین ڕووی دا

17:42 - 20 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: لە شاری عەفرین، تەقینەوەیەکی بەهێز ڕووی دا کە چەندین کوژراو و برینداری لێکەوتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، لە ئەنجامی تەقینەوەی ئۆتۆمبیلێکی بۆمبڕێژکراو لە شاری عەفرین، ژمارەیەک هاووڵاتی گیانیان لەدەست دەدەن و ژمارەیەکیش بریندار دەبن.

لە نێوان قوربانییانی ئەو تەقینەوەیەدا، دوو منداڵ بوونی هەبووە.

کۆمەڵەی چاودێریی مافی مرۆڤی سووریە لەبارەی ئەو تەقینەوەیە بڵاوی کردووەتەوە: "بەیانیی ئەمڕۆ پـێنجشەممە، لە دەروازەی شاری عەفرین، لە ناوچەی ترندە، تەقینەوەیەک ڕووی داوە کە لەو شوێنەدا ئۆتۆمبیلەکان بۆ پـشکنین ڕیز دەبن".

بەپـێی دوایـین ئامارەکان، لانیکەم ١٥ کەس کوژراون، لەوانە ٨ کەسی سڤیل و ٤ چەکداری هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریه، لەگەڵ کەسێک کە ناناسرێتەوە.

هەروەها زیاتر لە ٣٠ کەسی دیکەش بریندار بوونه.

هەتا ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیاریەتیی ئەو تەقینەوەیەی وەئەستۆ نەگرتووە.

ڕێکەوتی ١ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی، دەوڵەتی تورکیە دوای ماوەیەکی زۆر هەڕەشە و گوشار، بە ڕوونی ڕایدەگەیاند هێرش دەباتە سەر کوردستانی سووریە و لە ناوچەی عەفرینەوە دەست پێدەکات. هەروەها هەڕەشەکانی خستە بواری کردەییەوە و بە چەکی قورس و فڕۆکە و تۆپباران، هێرشی کردە سەر ئەو بەشەی کوردستان.

عەفرین (Efrîn)  شارێکی کوردستانی ڕۆژئاوایە کە کەوتووەتە پارێزگای حەلەب. ئەم شارە لە سنووری باکووری ڕۆژئاوای سووریه  و لە ناوچەیەکی کوێستانی بە ناوی "جبل الاکراد" ھەڵکەوتووە.
٣٦٦ گوندی لە پانتایی ٢.٠٣٣ کیلۆمیتر لەخۆ گرتووە. ژمارەی دانیشتووانی ناوچەی عەفرین پتر لە ٤٦٠ھەزار کەسە، کە لە ٧ ناوچەدا جێگیر بوونه.