کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەقینەوەیەکی گوماناوی لە بنکەیەکی حیزبوڵڵا ڕووی دا

11:40 - 2 رەزبەر 2720

دوانیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە ١ی ڕەزبەر، تەقینەوەیەکی بەهێز لە بنکەیەکی حیزبوڵڵای لوبنان لە گوندی "عەین قانا" لە ناوچەی هەرێمی "ئەلتیفاحـ"ـدا لە باشووری لوبنان ڕووی دا.

بە وتەی خەڵکی ئەو ناوچەیە، پاش ئەو تەقینەوەیە هێزە ئەمنییەتییەکان ناوچەی تەقینەوەکەیان گەمارۆ داوە و نەیانهێشتووە خەڵکی ناوچەکە لێی نزیک ببنەوە.

بەرپرسێکی ئەمنییەتی بە ڕۆیتێرزی ڕاگەیاندووە ئەو تەقینەوەیە لە کۆگای چەکوچۆڵی حیزبوڵڵادا،  بەهۆی ڕوودانی هەڵەیەکی تکنیکیی بووە.

هەواڵنێری هەواڵدەریی "ئەلعەرەبییە" ڕایگەیاندووە ئەو تەقینەوەیە لە ناوەندێکی گرێدراو بە حیزبەکانی سەر بە ئێراندا ڕووی داوە و بەپێی ڕاگەیاندنە ناوخۆییەکانی لوبنان، ئەو بنکەیە جبەخانە و ناوەندی دروستکردنی بەستەی تەقینەوە بووە.

ئەو تەقینەوەیە بە ئاستێک گەورە بووە کە دەنگی تەقینەوەکە تەنانەت لە گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی "سەیدا" لە باشووری لوبنانیش بیستراوە.

سەرچاوە ئەمنییەتییەکان ڕایانگەیاندووە بەهۆی ئەو تەقینەوەیەوە چەند کەس بریندار بوونە.

ئەو تەقینەوەیە ڕووداوێکی گوماناوی بووە و هەتا ئێستا زانیارییەکی ئەوتۆ بڵاو نەبووەتەوە.