کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەمەنی خووگری بە ماددە هۆشبەرەکان لە لوڕستان دابەزیوە

18:49 - 2 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: خووگری بە ماددە هۆشبەرەکان لە لوڕستاندا پلەی نێوەنجی لە ئێران بۆ خۆی تۆمار کردووە و تەمەنی تووشبووانیشی دابەزیوە.

هەواڵدەریی" تەسنیم" لە زاری  "فاتمە زەهرا تەوەکۆلی" بەڕێوەبەری گشتیی بێهزیستیی پارێزگای لوڕستان ڕایگەیاندووە: "لوڕستان یەکێک لەو پارێزگایانەیە کە تەمەنی خووگری بە ماددە هۆشبەرەکان لەو شارەدا دابەزیوە و پلەی نێوەنجی بۆ خۆی تۆمار کردووە."

ناوبراو هەروەها باسی لە گرینگی و ڕۆڵی بنەماڵەکان لەم بارەوە کردووە و وتوویەتی: "باشترین پەناگە بۆ ئەم تووشبووانە، بنەماڵەکانن و بنەماڵە لە باسی ماددە هۆشبەرەکاندا ڕۆڵی کارایان هەیە و دەتوانن یارمەتیدەر و هاندەدرێک باش بن بۆ وازهێنان لە ماددە هۆشبەرەکان."

بەپێی ئامارەکانی خودی ڕێژیم، بەگشتی لە ئێراندا تووشبووان بە ماددە هۆشبەرەکان زیاتر ئەو کەسانەن کە تەمەنیان خوار ١٦ ساڵە. ئەم توێژە هەندێک جار بە ئاشکرا لە قوتابخانەکاندا ئەم ماددانه‌یە دابین دەکەن.

بەرپرسانی ڕێژیم هیچ هەنگاوێک بۆ چارەسەریی ئەم کێشەیە هەڵناگرن و بەپێچەوانەوە زۆربەی کات خۆیان کارئاسانی بۆ بەدەستهینانی ماددە‌ هۆشبەرەکان دەکەن.