کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەنیا ئاڵوگۆڕ لە ناوەند بەس نییە

12:10 - 17 جۆزەردان 2722

ئاویەر

ڕەزا پاڵەوی کوڕی شای پێشووی ئێران لە ڕۆژانی ڕابردوودا و لە لێدوانێکی ڕاستەوخۆ کە بۆ خەڵکانی ئێران بڵاوی کردەوە نەتەوە غەیرەفارسەکانی ئەو وڵاتەی وەکوو عێڵ و عەشیرە و تایفە ناو برد! لە سەرەپێییترین و ساناترین خوێندنەوەدا ئەو تێڕوانینە بەو مانایەیە کە لە داهاتووی پاش کۆماری ئیسلامیدا و لە ئەگەری بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات لەلایەن ئەوەوە  نەتەوە غەیرەفارسەکانی نیشتەجێ لە جوغڕافیای ئێران هیچ مافێکی ئیتنیکی و نەتەوەییان نییە و دەبێ هەر وا بە ژێردەستی بمێننەوە.

 لەڕاستیدا ئەو لێدوانەی ڕەزای پاڵەوی ئەوە دەگەیەنێ کە لە ڕوانگەی ئەو و هاوبیرەکانی لە ئێراندا تەنیا یەک نەتەوە بوونی هەیە ئەویش نەتەوەی باڵادەست و حاکم یانی فارسە و جیا لەوە، باقی نەتەوەکانی نیشتەجێ لە ئێران لە گەشبینانەترین حاڵەتدا عێڵ و عەشیرەن، ئەگەر نەڵێن ئەمانە میوانن!.

ئەو لێدوان و تێڕوانینەی ڕەزا پاڵەوی لەهەمبەر نەتەوە غەیرەفارسەکان تەنیا ڕوانگە و بیری ئەو نییە، بەڵکوو ئەوە تێڕوانین و ڕوانگەی هەموو ناوەندنشینە ڕاسیستەکان بەرامبەر نەتەوە ستەملێکراوەکانی ئەو وڵاتەیە و ناوەندنشینانی لەم چەشنە بە هەر بیروباوەڕ و ئایدیۆلۆژییەکەوە بێ، لە چەپی‌چەپەوە بگره هەتا ڕاستی‌ڕاست و کۆماریخواز و مەزهەبی، هەموو ئەو تێڕوانینەیان بەرامبەر نەتەوەکانی غەیرەفارس هەیە.

لە بیری ئەواندا نەتەنیا غەیرەفارسەکان نەتەوە نین و هیچ مافێکی نەتەوایەتییان نییە بەڵکوو دەبێ وەکوو کۆیلە و خزمەتکاری نەتەوەی حاکم بمێننەوە، چونکە ئەمە قەدەری ئەوانە! بیرێکی فاشیستی و کۆلۆنیالیستییانە کە لە زەین و بەگڕاوەندی فکری تاک بە تاکی نەتەوەی حاکمی خۆسەپێندا هەبووە و هەیە.

بیری تواندنەوە و ئاسمیلەکردن و یەکدەستکردنی نەتەوە غەیرەفارسەکان، دەگەڕێتەوە بۆ زەمانی باپیری ڕەزا پاڵەوی دیکتاتۆری پێشووتری ئێران کە لەو کاتەوە هەتا ئەمڕۆکە ئەو سیاسەتە لەلایەن ناوەندەوە دەرحەق بە نەتەوەکانی نیشتەجێ لە ئێران پەیڕەو دەکرێ و ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لە ناوەند هیچ ئاڵوگۆڕێکی بەسەر ئەو سیاسەت و بیرکردنەوەیەدا نەهێناوە.

بیری داگیرکاری، داپڵۆسین و تاڵان و تواندنەوەی نەتەوە غەیرەفارسەکان لەلایەن نەتەوەی حاکمەوە بە هەر حکوومەت و ئایدیۆلۆژییەکەوە کە بووبێ دەرحەق نەتەوە ستەملێکراواکانی ئێران ئەنجام دراوە.

ئێستا کە ناڕەزایەتییەکان لە ئێراندا بەهۆی بوونی حکوومەتێکی تووتالیتێری مەزهەبی، گرانی و باری ئابووریی لاواز، کوشتن و بڕینی خەڵکی بێتاوان و ناکارامەیی دەوڵەت و هاوار بۆ ئازادی، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ڕووی لەزیادبوونە و زۆربەی شڕۆڤەکارانی سیاسی پێیان وایە دواهەناسەکانی کۆماری ئیسلامییە، ئەو پرسیارە دێتە ئاراوە کە ئایا گۆڕان لە ناوەند دەبێتە هۆی دەستەبەربوونی مافی نەتەوایەتی بۆ نەتەوە غەیرەفارسەکان؟

 هەر وەکوو پێشتریش باسمان کرد هەتا ئێستای لەگەڵ بێ بیری ئێرانێک کە تێیدا مافی نەتەوە غەیرەفارسەکان دابین کرابێ لە بیروزەینی هیچ یەک لە ناوەندنشیناندا بوونی نییە، لەم ڕوویەوە دەتوانین بەدڵنیاییەوە بڵێین ئاڵوگۆڕ بەتەنیا لە ناوەند، هیچ دەسکەوتێکی بۆ نەتەوە ستەملێکراوان نابێ و لە پاش گۆڕانیش بارودۆخی ژیانی ئەوان لەوەیکە ئێستا هەیە باشتر نابێ و بەپێچەوانەوە گریمانە دەکرێ تاڵانکردنی سەروەت و سامان و ژێرخانە ئابوورییەکان لەلایەن ناوەندەوە هەروا بەردەوام بێ، پێشێلکردنی مافە نەتەوایەتییەکان و چەوسانەوەی نەتەوە غەیرەفارسەکان  هەر وەکوو ڕابردوو درێژەی دەبێ. بەکورتی چ لەبواری ئابووری و چە لەبواری نەتەوایەتییەوە هیچ گۆڕانێک بۆ نەتەوە ستەملێکراوەکان  ڕوو نادات، ئەگەر گۆڕانێکیش ڕوو بدات ئەوە تەنیا بۆ ناوەندنشینان دەبێ و سوودی ئەو گۆڕانە تەنیا بۆ ئەوان دەبێ مادام دەرەنجامی ئەو گۆڕانە دێموکراسییەکی ڕاستەقینە بێ کە لە ئێستادا بوونی نییە و بیری داگیرکاری بەسەر بیری دێموکراسیدا زاڵە؛ کەواتە دەبێ چی بکرێ؟

شۆڕشی ٥٧ دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە گۆڕان لە ناوەند بە تەنیا نابێتە هۆی دەستەبەربوونی مافە نەتەوایەتییەکان بۆ نەتەوە غەیرەفارسەکان مادام ئەنجامی ئەو گۆڕانە دێموکراسی بێ، لەم ڕوویەوە ئەو نەتەوانە نابێ تەنیا دڵخۆش بە گۆڕان لە ناوەند بن و دەبێ هاوکات لەگەڵ ئەوەی خەبات بۆ نەهێشتنی دیکتاتۆری و کۆلۆنیالیزم دەکەن بە شێوەیەکی یەکگرتووانە لە پێناو دەستەبەربوونی مافە نەتەوایەتییەکانیان خەبات بەرامبەر بیری ناوەندنشینان لەمەڕ لە پەراوێزخستنی نەتەوەکانیش بکەنە مێتۆدێکی خەباتیان و پێداگرتر لە پێشوو لەپێناو دابینکردنی ئارامی و ئاسایش بۆ نەسڵەکانی دواتر لە هەوڵدا بن.

 هەموو ئەو بابەتانەی کە باس کران ئەو ڕاستییەمان بۆ دەسەلمێننەوە کە نەتەوە ژێردەستەکان لە ئێران بۆ ڕزگاربوون لەو داگیرکارییە دەبێ تەنیا پشت بە خۆیان ببەستن و ئەوە تەنیا خۆیانن کە دەتوانن خۆیان لە دەست داگیرکەر و تاڵانکاری تاران ڕزگار بکەن نەک ئاڵوگۆڕی تەنیا لە ناوەند.