کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەنیا ٢٣ لەسەدی تاڵاوەکانی ئێران ماونەتەوە

11:52 - 13 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسی ئیدارەی پاراستنی ژینگه لە برووجێرد ڕایگەیاندووە که تەنیا ٢٣ لەسەدی تاڵاوەکانی ئێران ماونەتەوە و ئەوانی دیکە تووشی لەناوچوون بوون.

مستەفا مستەفاوەند، بەرپرسی ئیدارەی پاراستنی ژینگه لە برووجێرد لە کۆبوونەوەیەکدا لە ڕۆژی جیهانی تاڵاوەکان رایگەیاندووە: بەداخەوە تەنیا ٢٣ لەسەدی تاڵاوەکانی ئێران ماونەتەوە.

ناوبراو هۆکارە مرۆییەکانی به گەورەترین هۆکاری لەنێوچوونی تاڵاوەکان ناو بردووە که مرۆڤ به لەنێوبردنی تاڵاوەکان و گۆڕینیان به زەوی کشتوکاڵی بۆ داهاتێکی زۆرتر ڕۆڵێکی زۆری لەم کارەدا هەبووە.

بەرپرسی ئیدارەی پاراستنی ژینگه لە برووجێرد باسی لەوە کردووە کە زیندووکردنەوەی تاڵاوەکان به تەنیا بۆ بەرپرسانی ژینگه نالوێ و دەبێ هەموو خەڵک یارمەتیدەر بن.

هەر لەم پێوەندییەدا، ڕۆژی ڕابردوو کۆمەڵێک لە چالاکانی ژینگەپارێز بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی پاراستنی تاڵاوەکان دەستیان دایە کۆکردنەوەی زبڵەکانی لێواری زرێبار.

ئەوان به بەدەستەوە گرتنی وێنەکانی شەهیدانی ژینگه، شەهیدان شەریف باجوەر و ئومید کۆنەپۆشی لە هەڵمەتی کۆکردنەوەی زبڵەکانی لێواری زرێباردا، وەفاداری خۆیان بۆ شەهیدانی ژینگه و ژینگەی کوردستان دەربڕی.