کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەها حەسەنیانی: ڕێژیمی ئێران لەلایەن ڕێکخراوی مافی مرۆڤ و لێبووردنی نێونەتەوەیی، ڕێکۆردداری سەرکۆنە و شەرمەزاربوونە

15:14 - 27 خەزەڵوەر 2719

وتووێژ: ڕەحمان سەلیمی

دوای گرانبوونی نرخی بێنزین لە شارەکانی کوردستان و ئێراندا، خەڵک لە ڕۆژی ٢٥ی خەزەڵوەرەوە دەستیان بە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی بەرینی جەماوەری کردووە و هەتا ئێستا بەردەوامە. لە ڕەوتی ئەم خۆپیشاندانەدا دەیان کەس لە خەڵکی ناڕازی شەهید کراون و سەدان کەسیش بریندار بوونە و دەیان کەسیش دەسبەسەر کراون.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران پاساوی ئەوەیان هێناوەتەوە کە گرانکردنی نرخی بێنزین بۆ بەرژەوندیی خەڵکی هەژار و کەمداهاتە. بەڵام خەڵکی ئێران دژی ئەم بڕیارەی ڕێژیم ڕاوستاون و تەنانەت بە دژی دەسەڵاتداریی کۆماری ئیسلامیی ئێران دروشم دەدن.

لەم بارەوە لەگەڵ "تەها حەسەنیانی"، ئەندامی دەستەی نوێنەرایەتیی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لە کانادادا وتووێژێکمان پێک هێنا و ئەم بابەتەمان خستە بەر باس:

١- گرانکردنی نرخی بێنزین لەم دۆخە هەستیارەدا چ پاساوێکی ئابووریی هەیە و چەندە لە بەرژەوەندیی خەڵکدایە؟

گرانکردنی بێنزین لەو دۆخە هەستیارەدا کە خەڵک بەدەست گرانی و ‌هەڵاوسانەوە دەناڵێنن، تەنیا لە بەرژەوەندیی دەسەڵاتدایە. چونکە ڕێژیم بەهۆی گەمارۆی ئابوورییەوە کە ئامریکا بەسەریدا سەپاندوویەتی، لە دۆخێکی زۆر خەراپدایە. ئەم دۆخە بەهۆی سیاسەتی ‌هەڵەی ئابووری، گەندەڵیی لەڕادەبەدەر و هەزینە‌کردنی زۆری داهاتی وڵات بۆ دەستێوەردان لە وڵاتانی ناوچەکە و چالاکیی تێرۆریستی، بەرۆکی ئێرانی گرتووە. ڕێژیم بە گرانکردنی بێنزین بەتەمایە داهات بۆ خەزێنەی بەتاڵی دەوڵەت دابین بکات، بەڵام ماوەیەکی زۆرە کە خەڵک لەباری مەعیشەتییەوە کەوتوونەتە دەستتەنگی و توانای قەبووڵکردنی ئەم گوشارەشیان نییە و بە هاتنە سەر شەقام بێزاری و ئیعترازی خۆیان دەربڕی.

٢- بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لەم دۆخە ناڵەبارە ئابوورییەدا کە لە ئاکامی سیاسەتەکانی ئەوان بەسەر خەڵکدا سەپاوە، بە گرانکردنی نرخی بێنزین، ئایا کاردانەوەی خەڵکیان لەبەرچاو گرتبوو؟

ڕێژیم پێشبینیی ئێعتراز لەلایەن خەڵکەوەی کردبوو. بۆیە ڕۆژی پێنجشەممە بڕیاری گرانکردنی بێنزین دەدەن، بەڵام بەیانیی ڕۆژی هەینی ڕایدەگەیەنن. ڕێژیم پێی وانەبوو کە ئیعترازی خەڵک زۆربەی وڵات بگرێتەوە.

٣- سەرەڕای ئەوەیکە ڕێبەری ڕێژیمی ئێران لەسەر بڕیاری گرانبوونی نرخی بێنزین داکۆکیی کردووە، ئایا ناڕەزایەتی دەربڕینەکانی خەڵک پاشەکشە بە ڕێژیم دەکات؟

بە سەرنجدان بە ئەوەی کە ڕێژیم بۆ سەرکوتکردنی خەڵک هێشتا لە هەموو تواناکانی خۆی بەتەواوی کەڵکی وەرنەگرتووە، بە درێژەپەیداکردنی خۆپیشاندانەکان، بێبەزەییانەتر دەستیان لێ دەوەشێنێت. ئەگەر سەر نەکەوت ئیحتمالەن خامنەیی یان چەند لە ئاخوندەکان داوا لە ڕێژیم دەکەن کە پێداچوونەوە بەم بڕیارەدا بکەنەوە. چونکە خامنەیی لە قسەکانیدا وتی، ئەمە بڕیاری من نەبووە، بەم قسەیە ویستی ڕێی پاشەکشە بهێڵێتەوە.

٤- ئایا خۆپیشاندانەکانی خەڵک تەنیا پەیوەندیدار بە گرانبوونی نرخی بێنزینە یان دژی دەسەڵاتداریی ڕێژیمی ئێرانە؟

ئەمە پرسیارێکی گرینگە. خەڵک لەمێژە دەستیان لەم ڕێژیمە شوشتووەتەوە. خەڵک بۆیان دەرکەوتووە کە ئەم ڕێژیمە نە بۆ ئیسڵاح دەبێت و نە بەرژەوەندییەکانی ئەوانی بۆ گرینگە و لەم خۆپیشاندانە و هەروەها لە خۆپیشاندانەکانی پێشووتریش دروشمی ڕووخانی ڕێژیمیان داوە. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەمێژە مەشرووعییەتی خۆی لەنێو کۆمەڵانی خەڵکی ئێراندا لەدەست داوە. ئەمە هەم لە نێوخۆی وڵات و هەم لە دەرەوەش بو دونیا ئاشکرایه.  پێم وایە یەک لە هۆکارە گرینگەکانی مانەوەی ئەم ڕێژیمە، نەبوونی ئاڵتێرناتیڤێکی بەهێزی دێموکراتیکە کە بتوانێت هەموو گەلانی ئێران نوێنەرایەتی بکات. وەها ئاڵتێرناتیڤێک دەتوانێت جێگرەوەی ڕێژیمی ئاخوندەکان بێت و هەروەها جێی متمانەی وڵاتانی ئازادی جیهانیش بێت.

٥- ڕێژیمی ئێران لە ڕێگای سەرکوت و هەڕشە دەتوانێت خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران بێدەنگ ڕابگرێت؟ 

لەوانەیە ڕێژیم بە سەرکوت‌کردنی بێبەزەییانە بتوانێت دەنگی وەزاڵەهاتووی خەڵک کپ بکات، بەڵام بە زووترین کات تەقینەوەی دیکە ڕوو دەدات کە کۆنترۆڵکردنی بو ڕێژیم زۆر سەختتر دەبێت. چۆن دەبینین ئەم خۆپیشاندانە زۆر بەربڵاوتر و نەترسانەتر لەوانەی پێشوو ڕوویدا و ئەگەر ڕێژیم بتوانێت خەڵک بێدەنگ بکات، بێگۆمان تەقێنەوەی خەڵک زۆر بەهێزتر ڕوو دەداتەوە. مامۆستا و ڕێبەری شەهید دوکتور قاسملوو زیاتر لە سێ دەیە پێش لە وتووێژیکدا دەفەرمێت: "من دڵنیام ئەم ڕێژیمە لە ڕێگای  قەهرەوە دەڕووخێت"، بەڵام هێشتا زووە لەسەر چۆنیەتیی ئەم قەهرە قسە بکەین.

٦- لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکاندا، دەیان کەس لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە  کوژراون و بریندار بوون،  هەڵوێستی وڵاتان لە بەرامبەر ئەم توندوتیژییانەدا چی دەبێت؟

ڕێژیمی ئێران لەلایەن ڕێکخراوی مافی مرۆڤ و لێبووردنی نێونەتەوەییەوە ڕێکۆردداری سەرکۆنە و شەرمەزاربوونە، بەڵام پێویستە دژبەرانی ئەم حکوومەتە یەکهەڵوێست بن و داوا لە ناوەندەکانی بڕیاردەری جیهانی بکەن کە پشتگیریی جیددیتریان بکەن و ئەوە لە حاڵەتێکدا سەرکەوتوو دەبێت کە بە یەکەوە ئەو داوایە بکەن، یان لایەنی کوردی کە یەکگرتووترن، وەک "ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران"، بۆ ئەم مەبەستە هەنگاو بنێن و ببن بە زمانی خواستی گەلانی ئێران.

٧- ڕای خۆتان لەم بارەوە چییە؟

من پێم وایە کاتی ئەوە هاتووە کە بەرەی کوردستانی بە ئەرکی مێژوویی خۆی هەستێت و بە بەرنامەیەکی تۆکمە دەست بە دیپلۆماسییەکی بەهێز و نەبڕاوە بکات. بەرەی کوردستانی قسەی بو وتن هەیە و لە نێوخۆی وڵات و هەم لە دەرەوە خاوەن ئیعتبارە. من بە باشی دەزانم کە لە ڕێگای میدیاوە پەنجەرەیەکی بەهێز بە ڕووی ئێراندا بکەینەوە و لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بکەوینە دیالۆگێکی شارستانییانە. کورد خاوەن ئەزموونێکی باشی سیاسییە کە کاتیەتی دەوری مێژوویی خۆی بگێڕێت.