کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەواوبوونی وەرزی سەرما و زیادبوونی جموجووڵی سپای تێرۆریستیی پاسداران لە کوردستاندا

12:50 - 7 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: پاش تەواوبوونی وەرزی سەرما، سپای تێرۆریستیی پاسداران، لە ترسی هێزە کوردییەکاندا و بەتایبەت ڕاسانی خۆرهەڵات، دەستی بە خاوێنکردنەوە ڕێگا کوێستانییەکان لە بەفر کردووە و لەسەر سنوورەکان سەرقاڵی لێدانی بنکە و بارگای نوێیە.

بەپێی وتەی خەڵکی ناوچە سنوورییەکان، سپای تێرۆریستیی پاسداران، لە سنوورەکانی مەریوان، هەورامان، بانە، کرماشان، ئیلام، پیرانشار، ماکۆ، نەوسوود، نۆدشە، جوانڕۆ، سەلاسی باوەجانی، چاڵدێران و ورمێ، هەموو ڕۆژێک هێز جێگیر دەکات، تاکوو ڕێ لە هاتووچۆی پێشمەرگە بگرێت.

هەروەها سپای تێرۆریستیی پاسداران ڕایگەیاندووە، کە چەکی قورسی بە بنکەکان داوە، هەتاکوو هەر کەسێک کە نزیکی سنوورەکان بووەوە بەبێ ئاگادارکردنەوە تەقەی لێ بکرێت. تەنانەت خەڵکی ئاساییش کە لەسەر سنوورەکان دەژین ناوێرن بۆ لەوەڕاندنی ئاژەڵەکانیان نزیکی ئەو شوێنانە ببنەوە.

هەواڵنێری کوردستان میدیا لە ڕۆژهەڵات و لەم پەیوەندییەدا ڕایگەیاندووە، ماوەیەکە ڕێژێم بۆ جێبەجێکردنی هێزەکانی لە شارەکانی کوردستان لە مینی‌بووس کەڵک وەردەگرێت، هەتاکوو ئەم ئاڵوگۆڕ و جێگۆڕکێیانە لە خەڵک بشارێتەوە.