
میدیاکانی ڕێژیمی ئێران بڵاویان کردووەتەوە کە فڕۆکەیەکی نیزامی لە جۆری ئێف-٥، کاتژمێر ٩ی بەیانی لە ناوچەی "یەکەدەکانـ"ـی سەر بە شاری "تەورێز" کەوتووەتە خوارەوە.
بە وتەی بەڕێوەبەری قەیرانی پارێزگای "تەورێز" و "شاهین تەقی خان" وتەبێژی ئەرتشی ڕێژیمی ئێران "ئەو فرۆکە نیزامییە لە کاتی کەوتنە خوارەوەیدا بەئەنقەست ڕێگاکەی لە شوێنێکی پڕ حەشیمەت بۆ شوێنێکی چۆڵ گواستووەتەوە و لە ئاکامدا خۆی بە قوتابخانەیەکی چۆڵدا داوە کە دوو فڕۆکەوانی ئەو فڕۆکەیە و شۆفێری تاکسییەک کوژراون".
ئەوە لە حاڵێکدایە کە بەڕێوەبەری مانگی سووری "تەورێز" وتوویەتی: "ئەو قوتابخانەیە بەهۆی بارودۆخی پەرەسەندی پەتای کۆرۆنا پێشتر داخراوە و قووتابیان لە پشوودا بوون ئەگرنا ئەو ڕووداوە زیانی گیانیی زیاتری لێ دەکەوتەوە".
لەو پەیوەندییەدا "ڕەزا یووسفی" فەرماندەی بنکەی ئاسمانیی فەکوری تەورێز وتوویەتی: "ئەو فڕۆکەیە بەهۆی کێشەی تەکنیکییەوە کەوتووەتە خوارەوە".
بەرپرسانی ڕێژیم دەیانهەوێت قارەمانسازییەکی درۆیین و ساختە لەو فڕۆکەوانانە دروست بکەن بۆ ئەوەی مێشکی منداڵانی لە داهاتوودا وەکوو بابەتی "قاسم سلێمانی" پێ بشۆنەوە.