کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جادەی سنە ـ مەریوان پاش ١٥ساڵ هێشتا نیوەچڵە

13:16 - 9 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: پرۆژەی درووستکردنی جادەی نوێی نێوان شارەکانی سنە و مەریوان کە لە ساڵی ٨٢ دەستی پێکردووە، هێشتا نیوەچڵە؛ خراپی ئەم جادەیە هۆکاری گیانلەدەستدانی زۆر کەس لە هاووڵاتییان بووه، بۆیە لە لایەن خەڵکەوە بە "جادەی مەرگ" ناسراوە.

جادەی ١٢٥ کیلۆمتری سنە ـ مەریوان جیا لەوەی کە پێوەندیدەری ئەو دوو شارەیە، ڕێگای سەرەکیی هاتوچۆی خەڵکی شارەکانی سنە و مەریوان و هەروەها گوندەکانی وەک، سۆفیان، توار، شوێشە، عیساوا، ئەوێهەنگ، نگڵ، میانه، نیاوا، قەڵاجێ، کانی دینار و زۆر گوندی دیکەیە.

پرۆژەی درووستکردنی ئەم جادەیە کە بە "جادەی مەرگ" بەناوبانگە، لە ساڵی ٨٢ی هەتاوییە دەستی پێکردووە؛ سەرەتا بەرپرسان ڕایانگەیاند کە دوو ساڵ و دواتریش ڕایانگەیاند کە چەند ساڵی دیکە پرۆژەکە تەواو دەبێت، بەڵام پاش ١٥ ساڵ هێشتا ئەم پرۆژەیە بە نیوەچڵی ماوەتەوە و جادەی مەرگ بەردەوام گیانی هاووڵاتیان دەستێنێت.

مەنسوور مورادی لە نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیم، لە ساڵی ٩٥دا دۆخی نالەباری ئەم ڕێگایەی به ئاکامی  کەمتەرخەمی و نابەرپرسایەتیی بەرپرسانی باڵای ڕێژیم لە پارێزگای سنە ناو بردبوو.

هاووڵاتییانی مەریوانی وێڕای گلەیی لە دۆخی کۆڵان و شەقامەکانی مەریوان گرینگی نەدانی بەرپرسان بە دۆخی شار و گوندەکان به هۆکاری سەرەکیی نیوەچڵ مانەوەی ئەم پرۆژەیە ناو دەبەن و داواکارن کە پارەی گۆمڕۆکی باشماخ بۆ شارەکانی کوردستان تەرخان بکرێت.  

هاتوچۆ لە جادەی سنە ـ مەریوان به هۆی سنووری بوونی شاری مەریوان زۆرە و زۆربەی خەڵک لە ساڵدا چەندین جار سەفەر بۆ ئەم شارە دەکەن، بەڵام خراپ بوونی دۆخی جادەکەی بووەتە هۆی ئەوەی کە هەموو ساڵێک کۆمەڵێک ڕووداوی دڵتەزێنی هاتووچۆ ڕوو بدات کە لە ئاکامدا ژمارەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییان گیانیان لە دەست دەدەن.

لە لایەکی تریشەوە ئەم ڕێگایە، ڕێگای هاتوچۆ و ترانزیتی کامیۆنەکانی گواستنەوەی سووتەمەنییە کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا ئاگرکەوتنەوەی ئەم کامیۆنانە ڕووداوی هاتوچۆی زنجیرەیی لێکەوتەوە و بەداخەوە ژمارەیەکی بەرچاو لە هاوووڵاتییان لە نێو ئاگردا به زیندوویی سووتان و گیانیان لە دەست دا.

بەرپرسانی رێژیم هیچ ئاوڕێکی جیددی لە کۆمەڵگای کوردستان نادەنەوە هەموو پرۆژەکان یان به ناتەواوی دەهێڵنەوە یان به تەرخان کردنی بوودجەیەکی زۆر کەم و دزینی بوودجەی تەرخان کراو، پرۆژەیەکی تەواوکراوی ناستاندارد و پڕ لە کێشە و گرفت بۆ خەڵک بە جێ دێڵن.