کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جاش و بەکرێگیراوانی ڕێژیم وێنە و فیلمیان لە خەڵک هەڵگرتووە

10:19 - 5 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: لە خۆپیشاندانی شارەکانی کوردستان، بەکرێگیراونی سەر بە ڕێژیمی ئێران دەستێکی ئاوەڵایان لە سەرکوتی خەڵكدا هەبووە و جیا لەوەش بە هەڵگرتنەوەی فیلم و وێنە، خۆپیشاندەرانیان بە ڕێژیم ناساندووە.

بەپێی گرتە ڤیدیۆیەک لە ناڕەزایەتی دەربڕینەکانی شاری سەقز کە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتووە، دوو كه‌س کە ڕووخساری خۆیان داپۆشیوە، فیلم لە خەڵک دەگرن.

ئه‌م دوو كه‌سه‌ کە خەریکی فیلم هه‌ڵگرتنەوه لە خەڵکن، جاشن.

هەواڵنیری ماڵپەڕی کوردستان میدیا باسی لەوە کرد، ئەو دوو جاشە دوای‌ فیلم هه‌ڵگرتنه‌وه‌ ڕۆیشتوونەتە ‌ "ستادی خەبەریـ‌"ـی ئیداره‌ی‌ ئیتلاعات ‌و ده‌ستیان له‌ گرتنی‌ خه‌ڵكی‌ سه‌قزدا هه‌یه‌.

لە لایەکی دیکەشەوە ڕێژیم بەردەوام لە سەقز، کۆبوونەوە بۆ جاش و خۆفرۆشەکانی دەگرێت.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە پادگانی "حەنزەلە"ی سپای سەقز، بە مەبەستی تێگەیاندن و فێرکردنی ئەو خۆفرۆشانە بۆ سەرکوت و شناسایی خەڵک لە خۆپیشاندانەکانی داهاتوودا، کۆبوونەوەیان بۆ گرتوون.

هاوکات لە ڕۆژانی داهاتووشدا ڕێژیم دەیهەوێت کۆبوونەوەیەکی دیکە بۆ جاش و خۆفرۆشەکانی نێو ئیدارەکان لە ساڵۆنی "ئابدرمـ"ـی سەقز بەڕێوە ببات.

لە خۆپیشاندانەکانی کوردستاندا، جاشەکان لە سەرکوتی خەڵکدا ڕۆڵێکی گرینگیان هەبووە و تەنانەت ڕاستەوخۆ تەقەیان لە خۆپیشاندەران کردووە.