کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جاش و هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم گوندی حەسەن‌نوورانیان گەمارۆ داوە

12:38 - 3 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لەگەڵ جاش و بەکرێگیراوەکانی خۆیان دیسانەوە هێرشیان کردەوە سەر گوندی حەسە‌ن‌نووران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ژمارەیەک لە جاش و بەکرێگیراونی ڕێژیم، وێڕای هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران، ڕژاونەتە نێو گوندی حەسەن‌نووران، سەر بە شاری شنۆ و هەڵسوکەوتی خەڵک و دانیشتووانی ئەو گوندەیان بە توندی خستووەتە ژێر چاودێرییەوە.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا باسی لەوە کرد، جاشەکان موبایلی دانیشتووانی ئەو گوندە وەردەگرن و دەیپشکنن و بەشێک لە کەلوپەلی کەسیی خەڵکیان لەگەڵ خۆیان بردووە.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا، ئاماژەی بەوە کرد، جاشێک بە ناوی "د.ئەلف"، یەکێک لەو جاشانەیە کە بووەتە چاوساغی هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم.

ڕۆژی ٢٩ی ڕەشەمە، لە کاتی بەڕێوەچوونی جێژنی چوارشەممەسووریدا،  هێزەکانی ڕێکخراوی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە شاری شنۆ، هێرشیان کردە سەر ڕێوڕەسمی گوندی حەسەن‌نووران و تەقەیان لە خەڵک کرد.

دوای ئەو هێرشە نامرۆڤانەیەی هێزە جەنایەتکارەکانی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیم، خەڵک هێرشیان کردە سەر ماشینی هێزەکانی سپا و ماشینەکەیان تێکشکاند.