کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جاشێک کوژرا

14:09 - 5 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: لە شەڕ و تێکهەڵچوونی نێوان گرووپێکی نەناسراو لەگەڵ هێزەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە کامیاران جاشێک کوژرا و یەکی دیکەش بریندار بوو.

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٤ی بانەمەڕ، لە ئەنجامی شەڕ و تێکهەڵچوونی گرووپێکی چەکداری نەناسراو لەگەڵ هێزەکانی سپای پاسداران، چەند بەکرێگیراوی سپای پاسداران کوژران و بریندار بوون.

لەو شەڕ و تێکهەڵچوونەدا، یەکێک لە بەکرێگیراوانی سپای تێرۆریستیی پاسدارانی ئێران بە ناوی "ناسر دروویی" خەڵکی گوندی "لۆن" سەر بە شاری کامیاران کوژرا و برایەکی بە ناوی "سابیر دروویی" بە سەختی لەو شەڕدا، بریندار بوو.

هەتا ئێستا، هیچ کام لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیمی ئێران، ئەم شەڕەیان لە ئەستۆ نەگرتووە.

حوسێن خۆش‌ئیقباڵ، جێگری سیاسی، ئەمنییەتی و کۆمەڵایەتی پارێزگاری سنە، لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی "ئیرنا" وێڕای پشتڕاست کردنەوەی شەڕ و تێکهەڵچوونی نیزامیی لە شاخی شاهۆ، ڕایگەیاندووە: "سپای پاسدارانی شاری کامیاران لە دەورووبەری گشکی لە نزیک هەوارەی "هانیە" لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی دژبەری شۆڕش (ضد انقلاب) تووشی شەڕ و تێکهەڵچوون بوونه".

ئەو کاربەدەستەی ڕێژیمی ئێران، هیچ وردەکارییەکی دیکەی سەبارەت بەو شەڕە بڵاو نەکردووەتەوە.

دەستەواژەی"ضد انقلاب" لە ئەدەبیاتی سیاسی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە کەس یان جەریانگەلێک دەوترێ کە دژبەری ڕێژیمی تارانن و لەدژیان هەڵوێست دەگرن.