کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جاشەکان جمووجووڵەکانیان زیاتر کردووە

12:49 - 29 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ سیخوڕیکردن لەسەر خەڵکی کوردستان و چاوەدێریی بەسەر کارەکانیاندا پیلانێکی نوێی خستووەتە گەڕ و بەکرێگیراوانی خۆی سازمان دەدات.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە شاری پاوە بەکرێگیراوانی ڕێژیمی تێرۆریستیی ئێران بە جلوبەرگی پێشمەرگانەوە لە شاخ و کێوەکانی ناوچەکە دەگەڕێن و دەیانەەوێت بەو شێوەیە کڵاو لە سەر خەڵک بنێن و بزانن کێ دژی ڕێژیمە و شوێنی پێشمەرگە ئاشکرا بکەن.

لەو پێوەندییەدا، ئەو جاشانەی کە دەیانەوێت چەک دابنێن و پشت لە ڕێژیم بکەن، کاربەدەستانی ئەو نیزامە ئیزنیان پێ نادەن و لە لایەن حیفازەتی ئیتلاعاتی سپاوە هەڕەشەیان لێ دەکەن.

ڕۆژی شەممە، ٢٨ی بانەمەڕ، بەکرێگیراوان و هێزە سەرکوتکەرەکانی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، لە ناوچەی سەوڵاوا و لە گوندەکانی دەورووبەری ئەم ناوچەیەدا خەریکی دروستکردنی جاددە بەرەو لای شاخی کۆسالانن، کە ئەم کارە لەگەڵ دژایەتی و ناڕەزایەتیی خەڵکی ناوچەکە بەرەوڕوو بووەتەوە.

سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، لە ترسی حزووری هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە نێوخۆی وڵات و بە مەبەستی پێشگرتن لە چالاکییەکانی هێزی پێشمەرگە دەست دەکات بە دروستکردنی جاددە هەتا بەم شێوەیە ئاسانتر بتوانێت چەکوچۆڵی سووک و قورس بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی کوردستان ڕەوانەی ئەو شوێنانە بکات.