کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جاشەکان لە سەرکوت و شەهیدکردنی ناڕازییانی مەریوان ڕۆڵیان هەبووە

10:33 - 12 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: سپای تێرۆریستی پاسداران، بۆ سەرکوت و شەهیدکردنی خەڵکی ناڕازیی مەریوان، لە جاشەکانی خۆی کەڵکی وەرگرتووە.

بەپێی هەواڵێک کە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتووە، سپای تێرۆریستی پاسداران، بۆ سەرکوتی خەڵکی ناڕازیی مەریوان، لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانەدا، لە جاش و بەکرێگیراوانی خۆی کەڵکی وەرگرتووە. "سیروان بورزوئی‌پوور"، یەکێک لەو کەسانە بووە کە ڕاستەوخۆ تەقەی لە خەڵک کردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زاری یەکێک لە ئەندامانی سپای تێرۆریستی پاسداران بە کوردستان میدیای ڕاگەیاند: "سیروان بورزوئی‌پوور وێڕای ئەوەی کە ئەرکی پیسی ڕاهێنان بە پاسدارەکانی لە ئەستۆیە، لەم خۆپیشاندانە دواییەی مەریواندا، بەرپرسی تیمێکی سەرکوتکەرانیش بووە و بۆ سەرکوتی خەڵک چووەتە شەقامەکانەوە".

هەمان سەرچاوە باسی ئەوەی کرد: "لەنێو بنکەکانی سپادا بڵاو بووەتەوە کە سیروان بۆ خۆی تەقەی لە خۆپیشاندەران کردووە و بە دەم جنێودانەوە فەرمانی بە تیمەکەی کردووە کە تەقە لە خۆپیشاندەران بکەن".

هەروەها وتی، سیروان بورزوئی‌پوور لە کۆمەڵێک جاشی مەریوانی کەڵکی وەرگرتووە، لەوانە کەسێک بە ناوی "زانیار بارنامە" کە لە جاشەکانی سەر بە بنەماڵەی جاشپەروەری "بارنامە"ی مەریوانە.

زیادی کرد، دوای تەواوبوونی خۆپیشاندانەکان، ئێستا سیروان ڕاستەوخۆ ئەرکی ئەشکەنجەکردنی دەسبەسەرکراوانی لە ئەستۆیە.

"سیروان"، جاشێکی خەڵکی مەریوانە و پێشتر ئەندامی باندی "هیوا تاب" بووە. ناوبراو لەم شارەدا خاوەن باشگایەکی وەرزشییە و بە بۆنەی بێ ئیخلاقییەکانیەوە لەنێو خەڵکدا کەسێکی ناوزڕاوە.