کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جاشەکان ڕێگری لە خەڵک دەکەن

10:36 - 27 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: خۆفرۆش و گۆپاڵەبەدەستەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، لە کوردستانی ڕۆژهەڵات ڕێگری لە خەڵک دەکەن و ئازار و ئەزیەتیان دەدەن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، شەوی ڕابردوو، ٢٦ی ڕێبەندان، لە سێڕێیانی سینگان و شنۆ و فەلەکەی حەمزە کووکە؛ بەکرێگیراونی ڕێژیمی ئێران خاڵی پشکنینیان داناوە و ڕێگریان لە خەڵک کردووە.

هەواڵنیری ماڵپەڕی کوردستان میدیا باسی لەوە کرد، ئەو بەکرێگیراوانە لەگەڵ پاسدارەکانی ڕێژیمی ئێران سەرەڕای پشکنین، ناسنامەشیان لە خەڵک وەر دەگرت و بە شێوەیەکی زۆر توند چاوەدێریی شوێنەکەیان دەکرد.

هێزەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران ماوە بە ماوە بەکرێگیراوەکانی خۆیان کۆ دەکەنەوە و مانۆڕیان پێ دەدەن.

لە دوای دەستپێکردنی چالاکییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و چالاکیی پێشمەرگەکانی شاخ و شار لە نێوخۆ، بنکە و ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئێران لە کوردستان بە توندی چاوەدێریی خەڵک دەکەن.