یەکەمین بەرهەمی کۆمەڵە شێعری کوردیی "نێعمەتوڵڵا داودیان" شاعیری ناسراوی خەڵکی ئیلام لەژێر ناوی "جامەکەێل بێدەنگی" لەلایەن چاپەمەنیی "زانا" لە ١٢٠ لاپەڕەدا چاپ و بڵاو کرایەوە.
"داودیان" ماوەی چەندین ساڵە بە دوو زمانی "کوردی و فارسی" لە بواری شێعر و نووسیندا کار دەکات و خزمەتێکی زۆری کولتووریی ئەنجام داوە.
ناوبراو ساڵی ١٣٤٢ی هەتاوی لە شاری ئیلام لەدایک بووە و یەکێک لە شاعیر و نووسەرە ناسراوەکانی پارێزگای ئیلامە.
"داودیان" بەرپرسی ئەنجوومەنی ئەدەبیی "هانا" لە ئیلامە و هەوڵێکی زۆری داوە خوازیاران فێری زمانی کوردی بکەن.
"داودیان" لە بواری هەڵەگیریی زمانی کوردی و فارسیشدا چالاکیی هەیە و لە نوێترین کاریدا "شاهنامەی کوردیی ئیلامی" لە نووسینی "سیاوەش لوتفیـ"ـی هەڵەگیری کردووە کە لەلایەن "نەشری زاگرو" چاپ و بڵاو کراوەتەوە.