کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جان بۆڵتۆن، ڕێژیمی ئێران بە بکەری تەقینەوەکانی فەجیرە دەزانێت

11:59 - 9 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئامریکا، ڕێژیمی ئێرانی بە ئەنجامدانی تەقینەوەکانی فەجیرە تاوانبار کرد.

"جان بۆڵتۆن"، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئامریکا، لە پرێس کۆنفڕانسێک لە شاری "ئەبوزەبیـ"دا، لەبارەی ڕوودانی تەقینەوەکانی فەجیرە وتبووی: "هەموو کەسێک لە واشنگتۆن دڵنیایە کە کێ لە پشتی ئەم تەقینەوانەیە. پێتان وایە چ کەسانێک ئەم کارانە دەکەن؟ نیپاڵییەکان؟"

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ڕێژیمی ئێرانی بە بکەرانی ئەم تەقینەوانە زانیوە و ڕایگەیاندبوو: "پێم وایە دیارە کە کێ ئەم هێرشانەی لە ڕێگای مینە دەریاییەکانەوە ئەنجام داوە. ئەگەری زۆرە کە کاری ڕێژیمی ئێران بووبێت."

لەمبارەوە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، قسەکانی جان بۆڵتۆن و تاوانبارکردنی ڕێژیمی ئێرانی بە شتێکی پێکەنیناوی ناو برد.

لەبارەی قسەکانی جان بۆڵتن و تاوانبارکردنی ڕێژیمی ئێران بە ئەنجامدانی ئەم تەقینەوانە، "عەباس موسەوی"، ڕاوێژکاری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، قسەکانی جان بۆڵتۆنی بە ئاکامی  سیاسەتە تێکدەرانەکانیانی ناو بردووە وتوویەتی: "باسکردنی پڕوپاگەندەیەکی پێکەنیناوی لەم چەشنەیە، لە دیداری دوو کەس لە "ئەندامانی تیمی بی"، کە دژایەتییان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران مێژووییەکی درێژی هەیە، شتێکی سەیر نییە."

ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، ڕۆژی ٢٢ی بانەمەڕ ڕایگەیاندبوو کە چوار کەشتیی بازرگانییان لە نزیک ئاوەکانی کەناری فەجیرەدا کەوتوونەتە بەر هێرشی تێرۆریستی و تەقێنراونەتەوە.