کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جان بۆڵتۆن: ڕێژیمی ئێران بە هەڵە بیر نەکاتەوە

18:21 - 2 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی کۆشکی سپی وتوویەتی: "ڕێژیمی ئێران نابێ پارێزکردنی سەرکۆماری ئامریکا لەمەڕ هەڵوەشاندنەوەی هێرش بۆ سەر ئەم وڵاتە بە نیشانەی لاوازی بزانێت."

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "ئاسۆشیتێدپرێس"، ڕۆژی یەکشەممە، ٢ی پووشپەڕ، "جان بۆڵتۆن"، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی کۆشکی سپی لە وڵاتی ئیسرائیل، باسی لەوە کردووە کە ڕێژیمی ئێران بە هەڵە بیر نەکاتەوە کە پارێزکردنی سەرکۆماری ئامریکا لەمەڕ هەڵوەشاندنەوەی هێرش بۆ سەر ئەم وڵاتە نیشانەی لاوازی بووە.

ناوبراو لە دیدار لەگەڵ "نێتانیاهوو"، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، باسی لەوە کرد کە گەمارۆکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران درێژەی دەبێت و ئەو ڕێژیمە هیچکات لە دژی ئامریکا و لە دژی جیهان ناتوانێت چەکی ناوکیی لەبەر دەستدا هەبێت.

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلیش وێڕای ئەوەی کە لە گەمارۆکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران ڕەزامەندیی خۆی دەربڕی، وتی: "به هۆی گەمارۆکانەوە، ڕێژیمی ئێران لەژێر گوشارێکی ئابووریی بێوێنەدا دەناڵێنێت."

هەر لەم پەیوەندییەدا، "مایک پۆپێئۆ"، وەزیری دەرەوەی ئامریکا، لە بەیانییەیەکدا ڕەتی کردەوە کە ئامریکا لە لایەن وڵاتی عومانەوە پەیامی بۆ ڕێژیمی ئێران ناردبێت.

ناوبراو جەختی کردەوە کە تا کاتێک ڕێژیمی ئێران توندوتیژی وەلا نەنێت و دیپلۆماسیی ئێمە بە دیپلۆماسی وڵام نەداتەوە، گوشاری لەڕادەبەدەری ئابووریی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران چڕتر دەبێتەوە.