کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جان بۆڵتۆن کشانەوی ئامریکای لە بەرجام بە دروست زانی

11:42 - 2 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: ڕاوێژکاری ئەمنییەتی نەتەوەییی کۆشکی سپی، بڕیاری کشانەوەی ئامریکای لە ڕێککەوتننامەی بەرجامی بە دروست زانی و باسی لەوە کردووە، کە ئەو بڕیارە کاریگەرییەکی یەکجار قووڵی بەسەر ڕێژیمی ئێران و هەموو ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست داناوە.

جان بۆڵتۆن، ڕاوێژکاری ئەمنییەتی نەتەوەییی ئامریکا، لە وتووێژێکدا لەگەڵ کاناڵی هەواڵیی فاکس باسی لەوە کردووە، کە بە ڕای سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بە کشانەوە لە بەرجام و وەگەڕخرانەوەی گەمارۆوەکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، توانیوومانە هەوڵەکانی ئەو ڕێژیمە بۆ خۆسەپاندنی بەسەر وڵاتانی ناوچە تێک بدەین.

ناوبراو هەروەها بە نیسبەت ئامانجی ئامریکا لە گەمارۆوەکان ڕایگەیاندووە: ئێمە خوازیاری ئاڵوگۆڕ لە هەڵسووکەوتەکانی ڕێژیمی ئێرانین، ئەگەر ئەو ڕێژیمە بە خۆیدا نەچێتەوە، ئێمە توندترین ڕێکارەکان دەگرینە بەر".

بۆڵتۆن لە بەشێکی دیکە لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوە داوە، کە ڕووداوەکانی سووریە نیشانیان داوە، کە ڕێژیمی ئێران نە تەنیا لە بواری ناوکی بەڵکوو لە وڵاتانی دیکەدا و بە مەبەستی نانەوەی شەڕ و دووبەرەکی هەر بەردەوامە.

بە هۆی چالاکییە تێکدەرانەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکە، یارمەتیدانی تێرۆریستان، پەرەپێدان بە چالاکییە مووشەکییەکان و ئاژاوەگێڕییەکانی ئەو ڕێژیمە لە وڵاتانی دیکە، ڕێکەوتی ١٨ی بانەمەڕی ئەمساڵ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا ڕایگەیاند: کە ڕێژیمی ئێران ڕۆحی بەرجامی پێشێل کردووە و لە بەرجام کشایەوە.