کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جان بۆڵتۆن: کوردەکان دەبێت سەربەخۆ بن

18:59 - 16 گەلاوێژ 2720

"جان بۆڵتۆن" وتوویەتی وا باشترە عێراق دابەش ببێت و کوردەکان سەربەخۆیی خۆیان بەدەست بێنن و ئامریکا دەبێت بۆ ڕووخانی ڕێژیمی ئێران هەوڵی جیددی بدات.

ڕاوێژکاری پێشووی تەناهی نەتەوەیی ئامریکا وتوویەتی: "بە بڕوای من دابەشبوونی عێراق زۆر سوود بەخشە و ئامریکا دەبێت لانیکەم وڵاتی کوردەکان لە عێراقدا بە فەرمیی بناسێت".

"بۆڵتۆن" ئاماژەی بەوە کردووە، زۆر گرینگە کوردەکان پێوەندیی خۆیان لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا، کۆنگره و پێنتاگۆن بەردەوام ڕابگرن، چونکە کوردەکان لەو سێ ڕێگەیەوە پشتیوانیی زیاتر وەدەست دێنن و یەكێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەو پێوەندییە شەڕی هاوبەشی کوردەکان بوو دژ بە داعش.

"بۆڵتۆن" بەنیسبەت ڕێژیمی ئێرانەوە جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئامریکا دەبێت بۆ لەنێوبردنی ڕێژیمی ئێران هەنگاوی جیددی بنێت و یەکێک لە هەنگاوە سەرەکییەکانی ئەو کارەش لە نێوبردنی سپای تێرۆریستیی پاسدارانە.

ئەو بەرپرسەی پێشووی ئامریکا باسی لەوە کردووە لە داهاتوودا هیچ مەترسی و هەڕەشەیەک بۆ سەر کوردەکان لە ئارادا نییە و لەو بارەیەوە ترامپ نایهەوێت پێش هەڵبژاردنەکانی ئامریکا کارێک بکات کە کێشەی بۆ ساز بکات.

"جان بۆڵتۆن" ئاماژەی بەوەش کردووە کوردەکان دەبێت خۆیان بۆ دوای هەڵبژاردنەکانی ئامریکا ئامادە بکەن.

ئەو قسانەی "بۆڵتۆن" لە میدیاکانی ڕێژیمی ئیراندا زۆر دەنگی داوەتەوە و زۆربەی ماڵپەڕەکانی ڕێژیم قسەکانی ئەو بەرپرسەی پێشووی ئامریکایان ورووژاندووە.