کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جان کنێدی: کورد دەبێت وەک هاوپەیمانی ئامریکا بناسرێت

10:45 - 14 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: "جان کنێدی"، یەکێک لە سیناتۆرە کۆماریخوازەکانی ئامریکا لە گونگرێسی وڵاتەکەی، لە پرۆژە یاساییەکەیدا داواى پاراستنى کورد، بەرگری لە کورد و گرینگی پاراستنیان لە لایەن ئامریکاوە دەکات.

کنێدی، سیناتۆری کۆماریخوازەکان یەکێکە لەو سیناتۆرانەی کە دژی بڕیاری ترامپە و هاوشانی لیندزی گراهام، دەیەوێت ئامریکا هێزە کوردییەکان بپارێزێت و کوردیش بە هاوپەیمانی مێژوویی ئامریکا ناو دەبات.

ناوبراو لە کۆنگرێسی ئامریکا داوای کرد، کوردانی ڕۆژئاوا و کورد بەگشتی دەبێت وەک هاوپەیمانی ئامریکا بپارێزرێن و پشتیوانیان لێ بکرێت.

ئەو سێناتۆرە، هاوکات داوای لە ئەندامانی کۆنگرێس کرد، کە لە پرۆژە یاسایەک کە بە "ئێس وەن" ناسراوە، پشتگیری بکەن. ئەو پرۆژەیە بۆ هەموارکردنەوەی یاسای پارێزگاری لە هاوپەیمانەکانی ئامریکا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاسته و داوا کراوە کوردیش بخرێتە نێو ئەو یاسایە و وەک هاوپەیمانێکی گرینگی ئامریکا لە هێرشی وڵاتانی ناوچەکە بپارێزرێت.

بەپێی ئەو پڕۆژەیەی سیناتۆر کنێدی، ئامریکا ڕێگای پێ دراوە، هێز بۆ پاراستنی کوردەکان لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی هەر مەترسییەک لە لایەن وڵاتانەوە بەکار بهێنێت.

ناوبراو، کوردی بە پاڵەوانی شەڕی داعش ناوبرد و داواشی کرد، بنەمای ئێخلاق لە سیاسەتی دەرەوەی ئامریکادا ڕەنگ بداتەوە و دەبێت ئامریکا بیسەلمێنێت بەڵێنەکانی بۆ سەرجەم هاوپەیمانەکانی دەباتە سەر نەک تەنیا بۆ هەندێکیان.