کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جان کێری بە نیسبەت هەڵایسانی شەڕ لەگەڵ ئێران هۆشداری دا

11:07 - 15 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: "جان کێری" وەزیری کاروباری دەرەوەی پێشووی ئامریکا بە نیگەرانییەوە باسی لەوە کردووە کە کشانەوەی ئامریکا لە بەرجام ئەگەری ‌هەڵایسانی شەڕی دژی ڕێژیمی ئێران بەهێزتر کردووە.

"جان کێری" یەکێک لە بەرپرسانی پلەبەرزی پێشووی ئامریکا لە لێدوانێکدا لە ئەندیشکەدەیەکی ئامریکا، به نیسبەت کشانەوەی واشنتۆن لە بەرجام نیگەرانیی خۆی دەربڕی و جەختی کردەوە کە ڕێبەرانی وڵاتانی ناوچە فشار دەخەنە سەر ئامریکا هەتا ئامریکا دەست بۆ شەڕی نیزامی ببات.

ناوبراو لە بەشێکی قسەکانیدا باسی لەوە کردووە، چەند وڵاتی عەرەبی لەسەر ئەو باوەڕە بوون کە دەبێت ئامریکا هێرش بکاته ئێران و ئیسرائیلیش لەسەر چراسەوزی ئامریکا ڕاوەستابوو هەتا ئێران بۆردوومان بکات.

دانڵد ترامپ لە کاتی کشانەوەی ئامریکا لە بەرجام وتی: "ڕێککەوتننامەی ناوکی کە بە بەرجام ناسراوە نەیتوانی پێش بە زێدەخوازییەکانی ئێران بگرێت، ئێران بووەتە پاڵپشتی سەرەکیی تێرۆریزم لە جیهان و بەپێچەوانە بووەتە مایەی نەهامەتی بۆ خەڵکی بەڕێزی ئێران".

بە کشانەوەی ئامریکا، ئاست و ڕێژەی ئابڵۆقەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی چەند قات زیاتر دەبێتەوە و وێڕای گەڕانەوەی گەمارۆوەکانی پێشوو کە بە هۆی بەرجامەوە سڕ کرابوون، کۆمەڵێک گەمارۆی دیکەش دێنە گۆڕێ و بەسەر ئێراندا دەیسەپێنن؛ بە لەبەرچاوگرتنی ئەم دۆخە و هەروەها دۆخی شپڕێویی هەنووکەیی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێرانیش بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە ڕێژیم لە چ هەلومەرجێکی هەستیاردایە.

سەرکۆماری ئامریکا بەردەوام باسی لەوە کردووە کە ڕێککەوتننامەی ناوکی لەگەڵ ئێران کارەساتە و هەڕەشەیەکە بۆ سەر ئەمنییەتی جیهان.