کوردستان میدیا: ڕیپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ٤٠ـەمین دانیشتنی ئەنجومەنی مافی مرۆڤ، سەبارەت بە پێشێلکردنی مافی بنەڕەتی و سەرەتایی گەلانی ئێران، نیگەرانی دەربڕی.
ڕۆژی دووشەممە، ٢٠ ی ڕەشەممە، جاوید ڕەحمان، ڕیپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری مافی مرۆڤ لە ئێران لە ٤٠ـەمین دانیشتنی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکاندا، وێڕای ئاماژەکردن بە سەرکوتی چالاکانی مەدەنی و سیاسی لە لایەن دامەزراوە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە، باسی لەوە کردووە که ڕێژیمی ئێران دەبێت ڕێز بۆ ئازادی ڕادەربڕین دابنێت و ئیزنی بەڕێوەچوونی کۆبوونە بدات.
جاوید ڕەحمان، ئاماژەی بە پیشێڵکردنی مافی تاوانباران کرد و وتی: دەسبەسەرکردنەکان بە شێوەی نایاسایی و لەسەر بنەمای تۆمەتی گشتی، ئەشکەنجە و لێکوڵینەوە لە دۆخی نالەبار و خۆپاراستن لە ئیمکاناتی پزیشکی بۆ زیندانییەکان لە ئێراندا درێژەی هەیە.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوو و لە بەرەبەری هاتنی نەورۆزی کوردەواری و هەڵکردنی ئاگری نەورۆزدا، زیاتر لە ٣٥ کەس لە لاوانی ''گوندی نێ'' بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەریوان بانگهێشت کراون و هەڕەشەیان لێکراوە لە بەشداری لەو ڕێوڕەسمانە خۆ ببوێرن.
ڕیپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بە دەسبەسەرکردنی پارێزەران و پێشگرتن لە دەستپێڕاگەیشتنی تاوانباران لە سەرەتای پێکهێنانی دۆسیە بە پارێزەر کرد.
ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بە پێشێلکردنی ئاشکرای مافی گەلانی ئێران و سەرکوتی چالاکانی سیاسی- مەدەنی بە تایبەت گەلی کورد کرد و باسی لەوە کرد گەلانی ئێران لە مافی سەرەتایی خۆیان و لە پاراستنی شوناس و فەرهەنگ و دەربڕینی داخوازییەکانیان بێبەشن.