کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جاوید ڕەحمان: نەتەوەکان لە ئێراندا بەهۆی چالاکیی ئاشتیخوازانەوە دەسبەسەر دەکرێن

11:36 - 2 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: ڕێپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری مافی مرۆڤ لە ئێران، لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا سەبارەت بە دۆخی نەتەوەکان، کەمایەتییەکان، سەرکوتی کرێکاران و دژبەرانی حیجابی زۆرەملێ، نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە.

ڕۆژی چوارشەممە، ١ی خەزەڵوەر، ''جاوید ڕەحمان''، ڕێپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری مافی مرۆڤ لە ئێران، لە ڕاپۆرتێکدا وتوویەتی: "نەتەوەکان و کەمایەتییە ئایینییەکان لە ئێراندا، بۆ ئەوەی کە بە مافەکانی خۆیان بگەن لەگەڵ بەرهەڵەستی جیددی بەرەوڕوون".

لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە: "نەتەوەکان و کەمایەتییە ئایینییەکان لە ئێراندا بەهۆی چالاکیی ئاشتیخوازانەوە بۆ گەیشتن بە مافەکانیان، دەسبەسەر و زیندانی دەکرێن".

"جاوید ڕەحمان"، ڕاپۆرتی خۆی سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێراندا داوەتە دەست کۆمیتەیەکی کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان.

ناوبراو وتوویەتی کە ساڵی ڕابردوو لانیکەم ٧ کەس کە تەمەنیان ژێر ١٨ ساڵە و ئەمسالیش ٢ مێرمنداڵ لەسێدارە دراون.

ناوبراو باسی لەوە کردووە کە زانیارییەکی باوەڕپێکراوی لەبەر دەستدایە کە لانیکەم ٩٠ مێرمنداڵی ژێر تەمەن ١٨ ساڵ لە ئێراندا چاوەڕوانی حوکمی ئێعدامن.

دەسبەسەرکردنی ٨ پارێزەر لە مانگی خەرمانانی ٩٧ـەوە هەتا پووشپەڕی ٩٨، سەرکوتی چالاکانی دژبەری حیجابی زۆرەملێ و سەرکوتی کرێکاران، لەم ڕاپۆرتەدا خراوەتە بەر باس.  

هاوکات، ''محەممەد حەسەنی نژاد''، نوێنەری ڕێژیمی ئێران لە دانیشتنی کۆمیتەی سێهەمی کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەم ڕاپۆرتەی "جاوید ڕەحمان" ڕەخنەی گرتووە و وتوویەتی: "ئەم ڕاپۆرتە و ئەم شانۆ دوپاتکراوانە هیچ پەیوەندییەکی بە دۆخی مافی مرۆڤەوە نییە و پرسی ئێران هیچ کات بە هۆکاری مافی مرۆڤییەوە لەم کۆمیتەیەدا نەهاتووەتە بەر باس".

هەروەها، نوێنەری ڕێژیمی ئێران لە کاردانەوەیەکدا سەبارەت بە نەتەوەکانی ئێران و کەماییەتییە ئایینییەکان بە شێوەیەکی چەواشەکارانە وتوویەتی: "هەزاران ساڵە ئێرانییەکان لە ئارامی و هاوئاهەنگیدا پێکەوە ژیانیان هەبووە".

ئەوە لە حاڵێکدا کە گەلانی ئێران و کەمایەتییە ئایینییەکان لە لایەن نەتەوەی باڵادەستەوە بە هەموو شێوازێک سەرکوت دەکرێن و لە سەرەتاییترین مافەکانیان بێبەری کراون.