کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جبەخانەکانی سپای تێرۆریستیی پاسداران لە دەمشق خاپوور کراون

12:18 - 29 رێبەندان 2719

پاش هێرشەکەی ئیسراییل بۆ سەر بنکەکانی سپای تێرۆریستیی پاسداران لە دەمشق، چەندین جبەخانەی ئەو ڕێکخراوە تێرۆریستییە بە تەواوەتی خاپوور کراون.

ڕۆژنامەی "ئورشەلیم پۆست"، ڕۆژی دووشەممە، ٢٨ی ڕێبەندان، لە ڕاپۆرتێکی بەڵگەمەنددا نووسیویەتی، لە هێرشەکەی ڕۆژی هەینی، ٢٥ی ڕێبەندان، بۆ سەر بنکەکانی سپای تێرۆریستیی پاسداران لە دەمشق لەلایەن ئیسراییلەوە، کۆمەڵێکی بەرچاو لە چەک و تەقەمەنی و جبەخانەکانی ئەو ڕێکخراوە تێرۆریستییە لە دەورووبەری فڕۆکەخانەی دەمشق خاپوور کراون.

ئەو ڕۆژنامەیە لە ڕاپۆرتەکەیدا نووسیویەتی، لە ٥ هێرشی هەوایی ئیسراییلدا کە کراوەتە سەر بنکەکانی لەشکری ٩١ لە ناوچەی "ئەلکەسوە"، لە باشووری دەمشقی پێتەختی سووریە زیانگەلێکی بەرچاو بە بنکەکانی سپا گەیشتووە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە بەڵگەمەندە کە لە زاری ماڵپەڕی "ISI" بڵاو بوووەتەوە، بارستایی زیانەکانی بەرکەوتوو بە بیناکانی دەوری فڕۆکەخانەی دەمشق نیشان دراوە کە ئەو زیانانە بەر جبەخانە و بنکەکانی سەر بە سپای تێرۆریستیی پاسداران لە نزیکیی باندی فڕۆکەخانەکەی دەمشق کەوتووە.

چاودێری مافی مرۆڤی سووریە ڕۆژی هەینیی ڕابردوو جەختی کردەوە کە ٧ کەس لە هێزەکانی ڕێژیمی سووریە و ڕێژیمی ئێران، کە ٣ کەسیان سووری و ٤ کەسیان ئێرانی بوونە لەو هێرشەدا کوژراون.

ئەو ٤ کەسە ئێرانییە کە لە هێرشەکەدا کوژرابوون، لە ئەفسەرەکانی سپای تێرۆریستیی پاسداران لەو ناوچەیەدا بوونە.