کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جووتیارانی پارێزگای سنە بەرانبەر بە پێنەدانی پارەی گەنمەکانیان ناڕەزایەتییان دەربڕی

13:27 - 12 خەرمانان 2720

جووتیارانی شاری سنە کە گەنمەکانیان ڕادەستی سیلۆ کردووەتەوە، بەهۆی وەدواکەوتنی پێدانی پارەکانیان ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.

لە کاتێکدا کە بەرپرسانی کشتوکاڵی ئێران بەڵێنیی پێدانی پارەی جووتیارانیان پاش ١٠ ڕۆژ لە وەرگرتنی گەنمەکانیان پێدابوون، هەندێک لە جووتیاران باسیان لەوە کردووە کە دوای تێپەڕینی مانگێک لە ڕادەستکردنەوەی گەنمەکانیان بە سیلۆ، هێشتا پارەی گەنمەکانیان پێ نەدراوە.

ئەمە بووەتە هۆی ناڕەزایەتیی جووتیاران بەتایبەتی لەو دۆخە ئەستەمەی ئابووری لە ئێران و بەتایبەت کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا.

هەر لەو پەیوەندییەدا، کرێکارانی سیلۆی "کەنگاوەر" لە پارێزگای کرماشان، ڕۆژی سێشەممە ١١ی خەرمانان، لە ناڕەزایەتی بەرانبەر بە ڕادەستکردنی ئەو سیلۆوە بە کەرتی تایبەت لە بەردەم باڵەخانەی فەرمانداریی ئەو شارە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە.

سیلووی "کەنگاوەر" لە ساڵی ١٣٩٧ی هەتاویدا نزیکەی ١٤٠ تا ١٥٠ میلیارد تمەن نرخی لەسەر دانرابوو، بەڵام لە ساڵی ٩٩دا بە داشکاندنی ١٠٠ میلیارد تمەنی واتە کەمتر لە یەک لەسەر ١٠ی نرخی ڕاستەقینەی ڕادەستی کەرتی تایبەت کرا.

سەرەڕای ناڕەزایەتیی خەڵک بەرانبەر بە ڕادەستکردنەوەی سیلۆی کەنگاوەر، ڕێکخراوی کەرتی تایبەت، ڕادەستکردنی ئەو سیلۆیەی هەڵنەوەشاندەوە، بەڵکوو پووشپەڕی ٩٩ پرۆسەی ڕادەستکردنی بە خاوەندارەکەی ئەنجام دا.

کڕیاری ئەو سیلۆوە تەنیا ١٥ لەسەد لە نرخی دیاریکراوی داوە و ٦ ساڵ کاتی هەیە تاکوو ٨٥ لەسەدی باقیی نرخەکە بە شێوەی قیستی بداتەوە.

پاش کۆتاییهاتنی گرێبەستی کریکارانی ئەو سیلۆوە، کرێکارانی خۆجێیی بیکار دەبن و کرێکارانی ناخۆجێیی دەنرێتە جێگایان.