کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

''جۆ بایدن'' بوو بە ٤٦ـەمین سەرکۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا

13:01 - 18 خەزەڵوەر 2720

''جۆ بایدن'' بەربژێری دێموکراتەکان لە هەڵبژرادنەکانی سەرکۆماریی ئامریکا بە بەدەستهێنانی ٢٨٤ دەنگی ئێلێکتۆراڵ و زیاتر لە ٧٣ میلیۆن دەنگی شارۆمەندانی ئامریکا بەسەر ڕکابەرەکەی خۆی ''دانڵد ترامپ'' سەرکەوت.

دوای چوار ڕۆژ ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە ئامریکا ڕاگەیەندرا و ''جۆ بایدن'' ویلایەتی "پێنسلڤانیا"ی بردەوە و بەمەش بوو به ٤٦ـەمین سەرۆکۆماری داهاتووی ئامریکا و ٢٨٤ دەنگی نوێنەرانی بەدەست هێنا.

''بایدن'' دوای سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکاندا وتی: ''دەبمە سەرۆکی هەموو ئامریکاییەک''.

ناوبراو وتوویەتی: ''ئەو ئەرکەی لە پێشمانە دژوارە، بەڵام بەڵێن دەدەم سەرۆکی هەمووان بم، ئەگەر کەسێک دەنگی بە من دابێت یان بە پێچەوانەوە".

''بایدن'' لەبارەی دۆخی دوای هەڵبژاردنەکانیش وتی: "کاتی ئەوەیە دەرفەتی ئاشتبوونەوە بە یەکتر بدەین. ئێمە هەموومان ئامریکایین و کەس دوژمنی کەس نییە. دەبێت کار بکەین داکۆکی لە دێموکراسی بکەین و کاتی ئەوەیە جیاوازییەکان وەلا بنێین. دەبێت دەست لەوە هەڵبگرین کە وەک دوژمن هەڵسوکەوت لەگەڵ ڕکابەرەکانماندا بکەین."

دوای ئه‌وه‌ی میدیاکانی ئامریکا سه‌ركه‌وتنی ''جۆ بایدن''یان، ڕاگه‌یاند، ڕاسته‌وخۆ كاردانه‌وه‌ی بەدواوە بوو و زۆرێک لە ڕێبەرانی وڵاتان، حیزب و لایەنە سیاسییەکان و کەسایەتییەکان په‌یامی پیرۆزبایی خۆیان ئاراسته‌ی ''بایدن'' کرد.

''جۆ بایدن'' ٣٦ ساڵ لە مەجلیسی سێنای ئامریکا بووە و هەشت ساڵ جێگری ''باراک ئۆباما'' سەرکۆماری پێشووی ئەو وڵاتە بووە.