کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جۆ بایدن: نەوت بەو ڕێژەیە لە بازاڕدا هەیە کە پێویست ناکات وڵاتان لە ئێران نەوت بکڕن

11:57 - 22 خەزەڵوەر 2721

''جۆ بایدن'' سەرکۆماری ئامریکا ڕۆژی هەینی ٢١ خەزەڵوەر، لە نامەیەکدا بۆ وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە وتوویەتی کە بوونی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان لە بازاڕە جیهانییەکاندا بە ڕێژەیەکە کە وڵاتانی دیکە دەتوانن کڕینی نەوت لە ڕێژیمی ئێران کەم بکەنەوە.

کۆشکی سپی ئەرکدارە کە هەر ٦ مانگ جارێک دەبێ ئەوە پشتڕاست بکاتەوە بۆ پاراستنی ئەو گەمارۆیانەی کە لە ساڵی ٢٠١٢دا  لە دەوڵەتی ''باراک ئۆباما''دا دژی ئێران سەپیندرا، خستنەڕووی (عرضە) نەوت لە بازاڕی جیهاندا بوونی هەیە.

دوای ئەوەیکە ئامریکا گەمارۆی نەوتی خستە سەر ڕێژیمی ئێران، زۆرێک لە وڵاتان کڕینی نەوتیان لە ئێران ڕاگرت.

ئەوە لە حاڵێکدایە وڵاتی چین هەروا درێژە بە هاوردەکردنی نەوت لە ئێران دەدات و لە ئێستادا یەکێک لە گەورەترین کڕیارانی نەوتی ئێرانە؛ نێونجی کڕینی نەوتی ئێران لەلایەن شیرکەت و پاڵاوتگەکانی کەرتی تایبەتی چین لە ٣ مانگی ڕابردوو زیاتر لە ٥٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژدا بووە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ''ڕۆیتێرز'' بایەخی ئەو بارە نەوتییانەی کە لە ئێرانەوە بۆ چین هەناردە دەکرێن نزیکەی یەک میلیارد و ٣٠٠ هەزار دۆلار لە مانگدا بەراورد کراوە و چونکە ڕێژیمی ئێران لەگەڵ کێشەی ماڵیی زۆر بەرەوڕووە، بە داهاتێکی زۆر دێتە ئەژمار.

بەپێی ئاماری ئیدارەی گومرۆگی چین، ئەو وڵاتە بەفەرمی لە دەسپێکی ساڵی ٢٠٢١ـەوە هاوردەکردنی نەوتی لە ئێران بەهۆی گەمارۆکانی ئامریکا ڕاگرتووە، بەڵام نەوتی ئێران لە ڕێگای وڵاتانی عومان، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و مالزی بە شیرکەتە چینییەکان دەفرۆشرێت.

لە ئێستادا نەوتی ڕەشی ئێران تەنیا ٦ لەسەد لە کۆی گشتیی هاوردەکردنی نەوتی چین پێک دێنێت.