
"جۆ بایدن" سەرکۆماری ئامریکا لە وتارێک کە سەبارەت بە دەسپێکی "کۆڕبەندی دێموکراسی" پێشکەشی کرد، داوای لە هەموو وڵاتە دێموکراتیکەکان کرد کە لە بەرامبەر گەشەی سیستمە سەرەڕۆ و دیکتاتۆرەکان یەکگرتوو بن.
ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی سەرماوەز، سەرکۆماری ئامریکا لە "کۆڕبەندی دێموکراسی" کە زیاتر لە ١٠٠ وڵاتی جیهان تێیدا بەشدار بوون و لەسەر دونیای خوازەکی بەڕێوە چوو، ڕایگەیاند و وتی کە دیکتاتۆرەکان لە هەموو ڕێگایەک بۆ سەرکوت کەڵک وەردەگرن.
"بایدن" لە درێژەی قسەکانی خۆی لەو کۆبوونەوەیەدا وتی: "پێویستە بە دوای ئەو بایەخانە بکەوین کە یەکگرتوومان دەکەن. ئێمە بۆ جێگیربوونی دادپەروەری و سەروەریی یاسا، ئازادیی ڕادەربڕین، ئازادیی کۆمەڵگە، ئازادیی چاپ و بڵاوکراوە، ئازادیی ئایین و هەموو مافەکانی مرۆڤ تێدەکۆشین".
باسەکانی سەرەکیی ئەو کۆڕبەندە لە دونیای خوازەکیدا، پشتیوانی لە دێموکراسی لە بەرامبەر دیکتاتۆری، بەربەرەکانێ لەگەڵ گەندەڵی و ڕێز بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕاگەیەندراوە.
جگە لە بەرپرسانی دەوڵەتی، داوا لە تەواوی چالاکان و نوێنەرانی کۆمەڵگەی مەدەنیی جۆراوجۆر کراوە کە لەو کۆڕبەندەدا بەشداری بکەن.