کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٧ جۆر گیانلەبەری دەگمەن، هەڕەشەی لەنێوچوونیان لەسەرە

18:36 - 18 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: ئێکۆسیستمی پارێزگای ورمێ لەژێر هەڕەشەدایە و ئەگەری لەنێوچوونی ٧ جۆر گیانلەبەر لە ئارادایە.

بۆ تێکچوونی ئێکۆسیستمی ناوچەیەک، هۆکارگەلێکی جیاواز بوونیان هەیە، کە لەوانە مرۆڤ و جاری واش هۆکارە سروشتییەکان کاریگەرییان هەیە.

مرۆڤ، زۆرترین پشکی لە تێکدانی ئەو ئێکۆسیستمەدا هەیە، چونکە بەردەوام بۆ مانەوەی خۆی، لەو سەرچاوە سروشتییانە کەڵک وەردەگرێت کە کەڵکوەرگرتنی نابەجێ و نادروست، دەبێتە هۆی لەنێوچوون یان تێکچوونی ئێکۆسیستمێک.

"ئومید یووسفی"، بەرپرسی ئیدارەی چاوەدێریی ژینگەی ئاژەڵانی ئیدارەی گشتیی پاراستنی ژینگەی پاریزگای ورمێ، وتوویەتی: "٧ جۆر لە ئاژەڵانی ژینگەی ئەو پارێزگایە، لەژێر هەڕەشەی لەنێوچووندایە، کە لە نێوانیاندا، کەڵەبابی کەولیی دەشتی لە بەرەبەری لەنێوچووندایە و کەڵەکێویی زەردی ئێرانی، پڵینگ، هەمێستێری زێڕین، باڵابان، مراویی سپی و ئەفعیی ئەلبورزی، هەڕەشەی لەنێوچوونیان لە سەرە."

هەروەها بێکیفایەتی و نابەرپرسایەتیی بەرپرسانی ڕێژیم و لە لایەکی دیکەشەوە، ڕاوی نایاسایی و هەروەها پێشگرتن بە چالاکانی مەدەنی کە هەوڵی پاراستنی ژینگە دەدەن، لە هۆکارەکانی پەرەسەندنی ئەو دیاردەیەیە و هەروەها هۆکارێک بۆ لەنێوچوونی جۆرە دەگمەنەکانی گیانلەبەرانە.