کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جیرەبەندیی بەرق دەستی پێکرد

11:54 - 28 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرما، کێشەی بێ بەرقی، کوردستان و ئێرانی گرتەوە و ڕێژیمی ئێران لیستەی جیرەبەندیی بەرقی بڵاو کردەوە.

بەپێی لیستەیەک کە لە لایەن شیرکەتی بەرق بڵاو کراوەتەوە، لە شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا جیرەبەندیی بەرق دەستی پێ کردووە و بەپێی ئەو لیستەیە بۆ ماوەی ٢ کاتژمێر لە ڕۆژدا، بەرق دەپچڕێت.

بەپێی ئەو لیستەیە، شارەکانی بانە، بۆکان و مەریوان، لە ماوەی ڕۆژدا بۆ دوو کاتژمێر، لە مەسیر و شوێنی جیاوازدا بەرق دەپچڕێت، کە کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران هاووڵاتییانیان لێ ئاگادار کردووەتەوە.

هاووڵاتییان ڕایانگەیاندووە، لەگەڵ هاتنەوەی وەرزی گەرما و پێویستیی زیاتری خەڵک بە بەرق، ڕێژیم دووبارە ڕووی لە جیرەبەندیی بەرق کردووتەوە کە ئەوەش کێشە بۆ خەڵک دروست دەکات.

پچڕانی بەرق لە ئێران بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی، خەڵکی لەگەڵ کۆمەڵێک کێشەی جیددی بەرەوڕوو کردووەتەوە، کە ئەو بەرنامەیە ساڵی ڕابردوو دەستی پێکرد.

کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە کاتی بارینی باران و لافاوەکاندا خوشحاڵیی خۆیان ڕاگەیاند کە بەنداوەکان پڕ بوونەتەوە و ئەمساڵ کێشەی بێ بەرقیمان نابێت!

ساڵی ڕابردوو و ڕاست لەم مانگەدا، "ڕەزا ئەردەکانیان"، وەزیری وزەی ڕێژیم لە دانیشتنێکدا لەگەڵ بەڕێوەبەرانی پایەبەرزی دەوڵەتی "ڕووحانی"، ئامارێکی لە دۆخی ئاو لە ئێراندا بڵاو کردەوە کە بەپێی ئەو ئامارە نیوەی حەشیمەتی ئێران ساڵێکی کەم ئاو و دژواریان لە پێشدایه، بە شێوەیەک کە هەندێک لە شارەکان لە مانگی گەلاوێژی ئەمساڵەوە ئیتر ئاوی خواردنەویان نابێت.

ئەردەکانیان، وەزیری وزەی ڕێژیم، هەر لەو پێوەندییەدا ڕایگەیاندبوو کە ئەگەر شێوازی مەسرەفی ئاو نەگۆڕدرێت، لەگەڵ کێشەی نەبوونی بەرق و جیرەبەندیی ئاویش بەرەوڕوو دەبین.