کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جیم ڕیش: پرسی تێرۆریزمی ئێران لە هەر چەشنە دانووستاندنێکدا دەبێ هەبێت

18:47 - 4 خاکەلێوه 2721

ئەندامێکی باڵای حیزبی کۆماریخواز لە کۆمیتەی پەیوەندییە دەرەکییەکانی مەجلیسی نوێنەرانی ئامریکا وتوویەتی کە ڕاپۆرتی ئیتلاعاتیی مانگی ژانوییەی ئەمساڵ نیشان دەدات کە پێویستە پرۆژەی پشتیوانیی تاران لە تێرۆریزم، لەگەڵ هەر چەشنە دانوستاندنێک سەبارەت بە بەرنامەی ناوکی پێکەوە گرێ بدرێت.

ڕاپۆرتە ئیتلاعاتییەکانی مانگی ژانوییەی ئەمساڵی ویلایەتە یەکگرتووەکان باسی لە شوێنگرتنی پەیامگەلێکی لە ئێران کردووە کە لەبەرگرەوەی ئامادەیی سیخوڕەکانی تاران بۆ هێرش بۆ سەر بنکە نیزامییەکانی "فۆرت مەک نایر" لە واشنتۆن دی سی بووە کە بۆ تۆڵەی کوشتنی تێرۆریست قاسم سلێمانی، فەرماندەی پێشووی سپای قودس بە دەستی ئەرتشی ئامریکا، بووە.

"جیم ڕیش" ئەندامی باڵای حیزبی کۆماریخواز لە کۆمیتەی پەیوەندییە دەرەکییەکانی مەجلیسی نوێنەرانی ئامریکا، لە وتووێژێک لەگەڵ ڕۆژنامەی سەروو ناوچەیی "شەرقولئەوسەت" هەروەها وتوویەتی: "ئەوە یەکەم جار نییە کە هەواڵگەلێک سەبارەت بە کردنە ئامانجی بەرپرسانی ئامریکایی لەلایەن ئێرانەوە دەگاتە گوێمان".

ناوبراو جەختی کردووەتەوە کە گوشار دەخاتە سەر دەوڵەتی "جۆ بایدن" تا بارودۆخێکی ئەستەمتر بۆ ڕێژیمی ئێران بەدی بهێنێت.